بەریتانیا: رێژەی تووشبوون بە خەمۆكی و دڵەڕاوكێ لەنێو ھەرزەكاراندا لە بەرزبوونەوە دایە
وەزارەتی پەروەردەی بەریتانیا: ئەو ھەرزەكارانەی دایك و باوكیان بڕوانامەی زانكۆیان ھەیە، زیاتر توووشی خەمۆكی دەبن
بەپێی ئامارەكانی لێكۆڵینەوەیەكی وەزارەتی پەروەردەی بەریتانیا، كە لەناو ھەرزەكارانی تەمەن 14 ساڵیدا ئەنجامی داوە، زیاتر لە سێ یەكی ھەرزەكارانی ئەو وڵاتە بەدەست نەخۆشی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ دەناڵێنن.
بە گوێرەی زانیارییەكانی لێكۆلینەوەكە، كە ھەردوو رەگەزی لەخۆ گرتووە، 37% كچان ھەست بە بێزاری و وەڕسی و لەدەستدانی تەركیز دەكەن و ئەو رێژەیەش لەلای كوڕەكان دوو ئەوەندە دەبێتەوە.
لێكۆڵینەوەكە ئاماژە بەوە دەكات، رێژەی زیاتری ئەو كچانەی گیریان بەدەست خەمۆكی و دڵەڕاوكێوە خواردووە، ئەوانەن كە لە خێزانێكدا دەژین، باوك یان دایكیان لەدەست داوە، یا لەو خێزانانەن كە لەگەڵ باوەژن یان زڕباوكدا دەژین، یاخود ئەوانەی ئەندامێكی خێزانەكەیان تووشی پەككەوتەیی، یان نەخۆشی درێژخایەن بووە.
ھاوكات لێكۆڵینەوەكە ئاماژە بەوە دەكات، نەخۆشییەكانی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ زیاتر لەناو ئەو ھەرزەكارانەدا باو و بڵاون، كە دایك و باوكیان ھەڵگری بڕوانامەی زانكۆن، ئەویش بە ھۆی فشاری دایبابەكان لەسەر منداڵەكانیان كە دەبێ نمرەی بەرز لە وانەكانیان بەدەست بێنن. لەبەرامبەردا ئەو فشارە دەروونییە بۆسەر ھەرزەكاران، لەناو خێزانە ھەژارەكان كەمترە و منداڵە ھەژارەكان، یان ئەوانەی یەكێك لە دایك و باوكیان بێكارە، بەراورد بەو منداڵانەی دایبابیان ھەڵگری بڕوانامەی زانكۆن، زیاتر بەرگەی سەختییەكانی ژیان و خوێندن دەگرن.
مارگۆری والاس، چالاكی گەنجان لەبارەی لێكۆڵینەوەكە و ئامارەكانی خەمۆكی دەڵێ " ئەوە پەتایەكە بە ھێواشی تەشەنە دەكات".
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی بەریتانیش جەخت لەسەر ئەوە دەكات " رەچاوكردنی دروستیی عەقڵیی منداڵ و ھەرزەكار و لاوان لە پێشینەی بەرنامەكانی حكومەت دایە و بۆ ئەمەش 4,1 ملیار جونیھی ئستەرلینی بۆ گەشەپێدان و ھاوكاری گەنجان و بەھێزكردنی پەیوەندیی نێوان قوتابخانەكان و خزمەتگوزارییەكانی دروستی عەقڵی تەرخان كردووە".