دکتۆر ئەفراسیاب موسا: چەند نەخۆشخانەیەکی نوێ لە دهۆک دەکرێنەوە
بەرێوەبەری گشتیی تەندروستی دهۆک ئاشکرای دەکات، لە ئاییندەیەکی نزیک چەند نەخۆشخانەیەک لە سنووری پارێزگای دهۆک دەکرێنەوە و پێشوەچوونێکی دیکە لەبواری تەندروستیدا دروست دەبێت.
ئەمڕۆ پینجشەممە (23ـی ئایاری 2024)، دکتۆر ئەفراسیاب مووسا، بەرێوبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئامانجی ئێمە ئەوەیە خزمەتی تەندروستیی فراوان بکەین و هاووڵاتیان پێویستیان بەوە نەبێت بۆ هەر نەخۆشییەک بێنە نێو شارەکان، دەشڵێت، هەوڵمانداوە لە قەزا و ناحیەکان نەخۆشخانە بکەینەوە بە دابینکردنی تەواوی کارمەندان و کەرەستە و ئامێری پزیشکی".
بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "نەخۆشخانەی شیلادزێ بە 43 ملیۆن دۆلار دروست دەکرێت و خزمەتی دەڤەری ئامێدی دەکات؛ لەو نەخۆشخانەیە تەواوی کەرەستە و ئامێری پزیشکی دابین دەکرێت کە تێیدا نەشتەرگەریی دەکرێت و نەخۆشی تێدا دەخەوێندرێت".
لەبارەی نەخۆشخانەی شێرپەنجەش، دکتۆر ئەفراسیاب گوتی، "نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک نۆژەن دەکەینەوە و بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە تەرخان دەکرێت، ئەو نەخۆشخانەیە تاقیگەی پێشکەوتووی لێ دادەنرێت لەگەڵ دروستکردنی نەخۆشانەیەک بۆ منداڵانی نەخۆشی شێرپەنجە".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک دەڵێت، مانگانە نزیکە 175 ملیۆن دینار لە سندوقی شێرپەنجە، دەرمان و پێداویستی پزیشکیی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە تەرخان دەکرێت، هەر لەسەر سندوقی شێرپەنجە، نەخۆشە دەگمەنەکانیش دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات.
دەشڵێت، سەنتەری دڵ لە دهۆک، باشترین سەنتەرە لەسەر ئاستی عێراق، بەتایبەت دڵی منداڵان، بێ بەرامبەریش ئەو نەشتەرگەرییانە دەکرێن.