ناڤاس بڕیارە قورسەكەی دا
كایلۆر ناڤاس گۆڵپارێزی یانەی پاریس سانجێرمان پێش دەستپێكی كۆپا ئەمریكای 2024 وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند.
كایلۆر ناڤاس كە پێشتر 3 نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ ریال مەدرید بردووەتەوە و لەگەڵ هەڵبژاردەی كۆستاریكاش بەشداریی لە دوایین 3 مۆندیال كردووە، لە تەمەنی 37 ساڵی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كۆستاریكا لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی وازهێنانی ناڤاس لە یارییە نێودەوڵەتییەكان نووسیویانە: ناڤاس 16 ساڵی پڕ لە شانازی لەگەڵ وڵاتەكەی تێپەڕ كردووە، یادەوەری و خۆشییەكانی ئەو گۆڵپارێزە هێشتا لە نێو دڵی هەزاران هاونیشتیمانی وڵاتەكەیان دەمێنێتەوە و دەبێتە نموونەیەك بۆ نەوەی داهاتووی كۆستاریكا.
كایلۆر ناڤاس وەرزی رابردوو لە پرێمەرلیگ بەشێوەی خواستن یاریی بۆ یانەی نۆتێنگهام فۆڕێستی ئینگلیزی كرد و لە كۆتایی ئەم وەرزەش گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان كۆتایی دێت.
هەڵبژاردەی كۆستاریكا بەبێ كایلۆر ناڤاس بەشداریی لە كۆپا ئەمریكای 2024 دەكات كە تێیدا هەڵبژاردەكە لە كۆمەڵەی چوارەم هاوشانی جامایكا، بۆلیڤیا و كەنەدا یاریی دەكات.
