عێراق.. خەریکە کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شار دەبێتە دیاردە

K24 – هەولێر:
بەهۆی گۆڕانیی کەشوهەوا ڕێژەی کۆچکردن و ئاوارەبوون لەنێو عێراقدا زیادیکردووە و خەڵکی گوند روو لە شار دەکەن، شرۆڤەکارێکی ئابووری دەڵیت: "بەداخەوە لە عێراق جگە لە نرخی خانووبەرە نرخی سەرجەم شتەکانی دیکە لە دەرەوە دیاریی دەکرێت".
عەبدولسەلام حەسەن، شرۆڤەکاری ئابووری، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: نرخی نەوت زۆر بەرزە، بەڵام بەداخەوە لە ناوخۆدا هیچ سوودێک لەو نەوتە وەرنەگیراوە، لە ناوخۆی عێراق هیچ کارنامەیەک و ستراتیژییەتێکی رێک بۆ نرخی شتەکان نییە.
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەدا، لە عێراق بەداخەوە جگە لە نرخی خانووبەرە نرخی سەرجەم شتەکان لە دەرەوە دیاریی دەکرێت، پێویستە وەزیری داد بێتە سەر هێڵ چارەسەری دۆخەکە بکات
ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، بەشێک لە کەسەکان کە لە کەرتی خانووبەرە کار دەکەن هەژموونیان لەسەر ئەو کەرتە هەیە و هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە.
عەبدولسەلام حەسەن، جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر بۆ هەر مەترێک لە خانوو و زەوی نرخێک دەستنیشان بکرێت و هەموو لایەکی پێوە پابەند بکرێت، ئەو کات نرخ جێگر دەبێت و هەموو خەڵکیش پابەند دەبن بە نرخەکە.
هاوکات دەڵیت: ئەگەر وەزیری داد لە عێراق دەستوەردان نەکات لە بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە، ئەوا بە هیچ شێوەیەک چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ئەو کێشەیە نادۆزرێتەوە.
بەهۆی گۆڕانیی کەشوهەوا ڕێژەی کۆچکردن و ئاوارەبوون لەنێو عێراقدا زیادیکردووە و خەڵکی گوند روو لە شار دەکەن. چالاکوانێکی بواری ژینگە دەڵێت: پێشتر کۆچمان هەبووە، بەڵام ئەم کۆچەی ئێستا جیاوازەییەکەی ئەوەیە خەڵک ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
خەریکە کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شار دەبێتە دەیاردە، چڕی دانیشتووان لە شار زۆربووە و کوالێتی ژیان هاتووەتەخوارەوە، زۆربوونی ڕێژەی بەکاربەریی و پیسبوونی ژینگە و کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش مەترسیی تەقینەوەی ژمارەی دانیشتووان گەورەتر دەکەن.
بەهۆی کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شار، دۆخی ئابووری گۆڕاوە، نرخی خانووبەرە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زیادیکردووە، قەڕەباڵغییەکی زۆر لە ناوەندە تەندروستییەکان دروستبووە، لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش دابونەریتی نوێ هاتوونەتە پێشەوە.
زۆربوونی ڕێژەی کۆچکردن هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی هەلی کار، ئەمە جگە لەوەی کشتووکاڵ لە گوندەکان بەرەو نەمان دەبات کە بەهۆی گۆڕانیی کەشوهەوا و کەمئاویی خەڵک جێیان هێشتووە.