وەزیری دەرەوەی سعوودیە: چارەنووسی ئیسرائیل و فەڵەستین پێکەوەیە
وەزیری دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاند، ئیسرائیل دەبێت دان بەوەدا بنێت، بەبێ دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین، ئیسرائیلش نامێنێت.
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لەگەڵ هاوتا نەرویجییەکەی ئیسپێن ئیدی و جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، دەبێت ئیسرائیل دان بەوەدا بنێت، بەبێ دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین، ئیسرائیلیش نامێنێت. ئەمەش لە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی عەرەبی و ئەوروپایی لە برۆکسل بۆ تاوتوێکردنی پرسی فەڵەستین کە کرا.
جەختی لەوەش کردەوە کە ئیسرائیل ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی فەڵەستینی لە غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها بارودۆخی کەرتی غەززە بە شێوەیەکی قبوڵنەکراو بەرەو خراپتر دەڕوات.
فەرحان گوتیشی: ئێمە "سەرنجمان لەسەر پاراستنی چارەی دوو دەوڵەتی هەیە، تاکە ڕێگە بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی مافەکانی فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل چارەی دوو دەوڵەتییە، پێویستە ئیسرائیل دان بەوەدا بنێت، چارەی دوو دەوڵەتی لە بەرژەوەندیی خۆیدایە، بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی".
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر ئیسرائیل درک بەم کارە نەکات، ئەمە نیگەرانییەکی ڕاستەقینەیە".
لای خۆیەوە بۆرێل گوتی: "چارەی دوو دەوڵەت ئیمتیازێکی ئازاربەخش نییە بۆ ئیسرائیل، هەڕەشەش نییە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، بەڵکو پێچەوانەکەیە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە "حکومەتی ئیسرائیل قەناعەتی بەو چارەیە نییە".
لە بەرامبەردا ئیدی ڕوونی کردەوە کە پرۆسەی ئاشتی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەنەکان هەیە بۆ ئەوەی کەلێنەکە قووڵتر نەبێتەوە و توندوتیژیی زیاتر نەبێت.
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل، دوای دیدارەکەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، "نائومێدی"ی دەربڕی، چونکە هیچ پلانێک نابینێت لە ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە.
نەرویج، ئێرلەندا و ئیسپانیا دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستینیان ڕاگەیاند، ئەمەش هەنگاوێک بوو کە ناڕەحەتی تەلئەڤیڤ و خۆشحاڵیی فەڵەستینییەکانی وروژاند.