قایمقامی قوشتەپە: ئەو شتەی لە کێڵگەیەکی گەنمدا دۆزرایەوە یاریی منداڵان بوو

قایمقامی قوشتەپە ڕایگەیاند، ئەوەی دوێنێ شەو لە کێڵگەیەکیی گەنمدا دۆزرایەوە، یارییەکی منداڵان بوو هیچ زیانێکی نەبووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی ئایاری 2024، بژار مەلا خدر، قیمقامی قوشتەپە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوێنێ شەو لە یەکێک لە گوندەکانی شارۆچکەی قوشتەپە ئاگەدار کراینەوە کەوا خاوەن دەراسەیەک لە کاتی دروێنەی گەنم هەستی بە بوونی بۆمبێکی چێندراوی لەناو دەغلی گەنمەکە کردووە، هەر بۆیە ڕاستەوخۆ هێزە ئەمنییەکان لەو بابەتە ئاگەدار کراونەتەوە.

بە گوتەی ئەو قایمقامە: "لەسەر ئەو بابەتە کە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان ئاگەدار کرابوونەوە و لە ڕێگەی تیمی پسپۆڕەوە بەپەلە کۆنترۆڵی شوێنەکەیان کردووە و دەرکەوت ئەوەی دۆزراوەتەوە یارییەکی منداڵان بووە و جێگەی مەترسی نییە".

بژار مەلا خدر ئەوەشی ڕاگەیاند، لە مانگی ڕابردوودا چەندان کۆبوونەوەمان لەگەڵ جووتیارەکانی ئەو سنوورە کردووە بۆ ئەوەی بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ چۆنییەتی دروێنەی گەنم و ئاگری دەغڵ بکەن، هەروەها بۆ ئەوەی هیچ کەسێکیش پشێویی لە سنوورەکەدا دروست نەکات، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی ئێمە بوو خاوەن دەراسەکە و خەڵکی گوندەکە هۆشیارانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو بابەتەدا کردبوو.