مه‌سرور بارزانی: دەڤەری سۆران دەکەینە هاوشانی ناوچە گەشتیارییە جیهانییەکان

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی چوار پرۆژەی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانا.

پرۆژه‌كان بریتیین له‌ (ڕێگەی دووسایدی 40 مەتریی هۆڵی بۆنەکان – شەهیدانی ئازادی، پارکی ناوشار، پارکی نیشتمانی و ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران)

دوای دانانی بەردی بناغەی ئەو چوار پرۆژەیە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی "ئەکواپارکی میرۆ لە شنگلبانێ" لە قەزای رواندز، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوەڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەکان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "ئێمە هەوڵ و کۆششمان بۆ ئەوە بووە کە وێڕای بارودۆخی سەختی ئابووری و دارایی، پرۆژەکانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتییانمان لە سەرجەم دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن. بەرنامە و پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیه‌، تەنیا بایەخ بە شارە گەورەکان نەدرێت، بەڵکوو پێویستە لە پاڵ ئەوانیشدا شار و شارۆچکەکان گەشە بکەن و دیهاتەکانیشمان ببووژێنینەوە".

سەرۆکوەزیران گوتیشی، "دەڤەری سۆران لە زۆر ڕووەوە یەکێکە لە ناوچە ستراتیجییەکانی هەرێمی کوردستان و خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیەتی، چونکە جیا لەوەی هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، لە ڕووی کشتوکاڵی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتوگوزاریشەوە پێگەیەکی گرنگی هەیە و دەکرێت ڕۆڵێکی دیار لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریدا بگێڕێت. لە بواری گەشتیاریدا زەمینەیەکی زۆر لەباری هەیە و سەرقاڵی داڕشتنی دواقۆناغەکانی پلانی هەندێک پرۆژەی گەشتیارین کە ئەم ناوچەیە بە جۆرێک پێش دەخات، هاوشانی ناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی جیهان بێت و هەزاران دەرفەتی کار دەرەخسێنێت".

بە گوتەی مەسرور بارزانی، "لە دوای ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەندین پرۆژە لەم سنوورە جێبەجی کراون؛ بێگومان پرۆژەی زیاتر و گەورەتریش لە پلان و بەرنامەی ئێمەدایە کە بۆتانی بکەین. بەداخەوە ئەو کێشە و قەیرانانەی بۆ ئێمە دروست کران، لە ماوەی ڕابردوودا، نەیانهێشت وەکو پێویست خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین، بەڵام ئێمە گەشبینین، بە خۆڕاگری و پشتیوانیی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، هەموو قەیران و کێشەکان تێدەپەڕێنین  و ئەم دەڤەرەش زیاتر گەشە دەکات و دەبووژێتەوە".

هه‌روه‌ها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لەگەڵ سەرپەرشتیار و قائیمقامەکان و بەڕێوەبەری ناحیەکان و بەڕێوەبەرانی دیکەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆبووەوە.

سەرۆکی حکوومەت لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بە گرنگیی دەڤەرەکە و خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی ناوچەکە کرد و گوتی، "لە ڕووی کشتوکاڵ و بازرگانی و گەشتوگوزارەوە، ئەم ناوچەیە دەرفەتی زۆری لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی زیاتر پێش بکەوێت، بە تایبەتی ئامانجمانە کە ئەم دەڤەرە بکەینە ناوچەیەکی گەشتیاریی جیهانی."

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرپرسانی ناوچەکەشی ڕاسپارد، بەبێ جیاوازیی خزمەتی هاووڵاتییان بکەن. لە کۆتاییدا، ئامادەبووان چەندین پێشنیاریان بۆ باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خستەڕوو.

له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاروانی ئاوه‌دانی گه‌یشتووەته‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی ستراتیجی به‌ تایبه‌ت له‌ بواری ڕێگاوباندا لە قۆناغی کۆتایی دان، له ‌ده‌سپێكی ئه‌مساڵیش تا ئێستا 33 پرۆژه‌ لە سۆران به‌گوژمه‌ی 21 ملیار و500 ملیۆن دینار خراونه‌ته‌ بواری جێبه‌جیكردن و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكیشدا پڕۆژه‌گه‌لێكی دیكه‌ ڕه‌زامه‌ندیان لەسەر دەدرێت.

ڕێگەی نێودەوڵەتی هامڵتۆن، دەروازەی حاجی ئۆمه‌ران و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران به‌ پارێزگاكانی هه‌ولێری پایته‌خت و دهۆك ده‌به‌ستێته‌وه، بری (80) ملیار دیناری بۆ ته‌رخان كراوه‌، له ‌ڕابردوودا ده‌ڤه‌ره‌كه‌ پرۆژه‌ی ستراتیجیی هاوشێوه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیووه‌.

دوێنێ دووشەممە، 27ـی ئایاری 2024، سەرۆکی حکوومەت، لە ڕێوەرەسمێکدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، پردی دەربەندی ڕانیەی کردەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، "سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی و ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی حکومەت بوونەوە، بەڵام هەوڵمان دا بە پێی توانای دارایی بەردەستمان، بە هاوکاری و یارمەتی کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژەی گرنگ لە بواری بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و بەتایبەتیش پرد و ڕێگەوبان جێبەجێ بکەین".