کامالا هاریس: وشەی کارەسات زۆر کەمە بەرامبەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وشەی "کارەسات" زۆر کەمە، بەرامبەر ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپێکی ئاوارەکان لە شاری ڕەفەح لە کەرتی غەززە کردوویەتی و بووەتە هۆی مردنی 45 فەڵەستینی.
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانی وتارێکیدا لە ئاهەنگێک ڕایگەیاند، دوای بۆردومانی تانکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپێک لە ناوچەیەکی ئاوارە لە ڕۆژئاوای ڕەفەح، بووە هۆی مردنی دەیان کەس کارەساتێکی گەورەی دروستکرد کە وشەی کارەسات زۆر کەمە بۆ وەسف کردنی ئەو بارودۆخە.
لە هەڵمەتێکی سوپای ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنی کەمپێکی ئاوارە فەڵەستینیەکان لە باکووری ڕۆژئاوای شاری ڕەفەح، زیاتر 40 هاووڵاتی مەدەنی کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.
بەئامانجکردنی فەڵەستینییە ئاوارەبووەکان، شەرمەزارکردن و ئیدانەی نێودەوڵەتیی سوپای ئیسرائیلی لێکەوتەوە.
سەرەڕای ئەو بانگەوازانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، بڕیارە دادگای نێودەوڵەتیی داد، باڵاترین دەزگای دادوەریی نەتەوە یەکگرتووەکانە، لەم هەفتەیە داوا لە ئیسرائیل بکات، دەستبەجێ هێرشە سەربازییەکەی و هەر هێرشێکی دیکە بۆسەر ڕەفەح ڕابگرێت.
سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، بۆسەر هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە کە سەر ئەنجام دەبێتە هۆی کوژرانی دەیان کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
تا ئێستە ژمارەی کوژراوانی بۆردومانی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە 36 هەزار و 96 کەس و نزیکەی 82 هەزار کەسیش بریندارن.