سبەی ڕێوڕەسمی ساڵیادی کردنەوەی پرۆژەی "زۆم" بەڕێوە دەچێت

پرۆژەی "زۆم"
پرۆژەی "زۆم"

سبەی پێنجشەممە، 30-05-2024، رێوڕەسمی یەکەمین ساڵیادی کردنەوەی پرۆژەی "زۆم" بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان، بە بەشداریی مەلا مستەفا بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی لە دەڤەری بارزان و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و حزبی بەڕێوە دەچێت.

پرۆژەی "زۆم" خەڵاتی ساڵی 2024ـی "باشترین بەرهەمی عێراقی بۆ بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی" لەلایەن کۆڕبەندی بازرگانیی نیشتمانیی عێراقی بردووەتەوە. هەروەها سێ بڕوانامەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ ستاندارکردن (ISO)ی بەدەستهێناوە.

ڕۆژی سێشەممە (30ـی ئایاری 2023)، کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شێرەمەنییەکان لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە گوندی ژاژوک لە سنووری قەزای مێرگەسۆر کرایەوە. پڕۆژەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێک دێت کە بریتین لە کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هەروەها بنکەکانی کۆکردنەوەی بەروبوومی ئاژەڵداران و جووتیاران.

پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری 13 هەزار و 46 مەتر دووجا دروست کراوە، هەروەها قەبارەی بەرهەمهێنان لە کارگەکە 20 تۆنە لە ڕۆژێکدا، توانای هەیە بگاتە 50 تۆن و هەموو ئامێرەکانی ناو کارگە لە باشترین جۆری (Stainless steel) دروست کراون.

هاوکات لەناو کارگەدا تاقیگەی تایبەت هەیە بۆ پشکنینی شیر و دڵنیابوون لە کوالێتیی ئەو شیرەی کە دەگاتە کارگە و ئەو بەرهەمانەی لە کارگە بەرهەم دێت.

لە ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا بە تێکڕا ڕۆژانە 80 کەس بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک کاریان  کردووە و دەبێتە هۆیڕەخساندنی زیاتر لە 300 دەرفەتی کاری دیکەش، هەروەها زیاتر دوو هەزار و 700 خێزانی ناوچەکەش تێیدا سوودمەند دەبن.

بەرهەمەکانی کارگەی زۆم بریتین لە ماستی سروشتی و خۆماڵیی زۆم، ماستی سروشتی و خۆماڵیی کەم چەوری زۆم، ماستاوی سروشتی و خۆماڵیی زۆم، پەنیری سپی سروشتی و خۆماڵیی زۆم، پەنیری سپی سروشتی و خۆماڵیی کەم چەوری زۆم و قەیماغی لوولپێچی سروشتی و خۆماڵیی زۆم.

ئامانجەکانی کارگەی شیرەمەنی زۆم:

1.  دابینکردنی داهاتێکی بەردەوام بۆ گوندنشینان و ئاژەڵداران لە ڕێگەی کڕینی شیری ئاژەڵەکانیان کە کۆدەکرێتەوە لە 20 بنکەی کۆکردنەوە کە لەلایەن کارگەی زۆم دروست کراون.

2. هاندەرێک دەبێت بۆ زیادبوونی ژمارەی بەخێوکەرانی ئاژەڵ، بە شێوەیەک کە لە کاتی کارکردنی کارگەکە بە تەواوی تواناکەی زیاتر لە 27 هەزار هاوبەش لەگەڵماندا سوودمەند دەبن بە فرۆشتنی شیری تازەی مانگاکانیان لە بنکەکان.

3. رەخساندنی هەلی کار: بۆ دابینکردنی بەرهەمێکی تەندروست و سروشتی بۆ هاووڵاتییان، لە ئێستادا کارگەی زۆم بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەلی کاری بۆ 100 هاووڵاتیی ناوچەکە ڕەخساندووە و ئەم ژمارەیە بەرەو هەڵکشان دەڕوات. سەرەڕای ئەوەی کارگەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەلی کاری بۆ زیاتر لە دوو هەزار و 700 ئاژەڵدار ڕەخساندووە لە ڕێگەی کڕینی شیری مانگەکانیان.

4. بەرهەمەکانی زۆم کاریگەرییەکی باشی دەبێت لە نەچوونی سەرمایەی ناوخۆ بۆ دەرەوە لە ڕێگەی هاوردەکردن. بەهۆی کۆمپانیان زۆو و کاری هاوشێوە، ئەو سەرمایەیە لە ناوخۆدا مامەڵەی پێ دەکرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووریی وڵات.

بۆ ئەوەی خەرجی گواستنەوەی شیر نەکەوێتە سەر ئەستۆی جووتیاران، کارگەی زۆم  دروستکردنی 20 بنکەی شیری بەپێی سنووری جۆگرافیایی ناوچەکە دامەزراندووە. ڕۆژانە جووتیار و ئاژەڵدارانی ناوچەکە دوای دۆشینی ئاژەڵەکانیان، شیری تازە لە دەفری تایبەتدا دەگەیننە بنکەکان. شیری تازە لە جووتیاران دەکڕدرێت، پشکینینی بۆ دەکرێت و پاشان بە تانکەری تایبەت دەنێردرێتە کارگە. دوای دووبارە پشکینینی شیرەکە بەرهەمەکانی لێ دروست دەکرێت و بە ئۆتۆمبێلی تایبەت ڕەوانەی شار و شارۆچکەکان دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment