دیندار زێباری: یۆنامی کۆتایی بە ئەرکەکانی بهێنێت زۆربەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان لەدوای خۆی بەجێ دێڵێت

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، عێراق داوای کردووە لە ماوەی دوو ساڵدا یۆنامی کۆتایی بە ئەرکەکانی لە عێراق بهێنێت، بە دیاریکراویش لە بواری سیاسیدا، زۆربەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان لەدوای خۆی بەجێ دێڵێت.
ئەوەشی خستە ڕوو کە لە مانگی ئۆکتۆبەری 2023 تیمێکی دیاریکراوی یوئێن بە سەرۆکایەتی فوڵکەر پیرتس سەرۆکی تیمی پێداچوونەوەی ستراتیجی بۆ مانەوی یۆنامی، سەردانی عێراقی و هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە و بڕیاردان لەسەر ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی تۆکمە لەسەر مانەوەی یۆنامی لە عێراقدا بکرێت.
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە باسی رۆژی کوردستان 24 کە ژینۆ محەمەد پێشکەشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە پلانێک دابنێن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی یۆنامی تا رێکەوتی 31ـی ئایاری 2026، دواتر عێراق ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری گەشەپێدان و مرۆییەکان دەکات، هەروەها داوا دەکرێت ئەرکەکان بگوازرێنەوە ئاژانسەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
دیندار زێباری ڕایگەیاند، ئەرکی یونامی لە سەرەتاوە خۆی دەبینیتەوە لە ڕۆڵى ڕاوێژکارىی بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیی لە هەوڵەکان سەبارەت بە پێشخستنی گفتوگۆی گشتگیر و سیاسیی و ئاشتەوایی نیشتمانی و کۆمەڵگا، یارمەتیدان لە پرۆسەی هەڵبژاردن، پێشخستنى پەیوەندیەکانى نێوان عێراق و دراوسێکانی لە ڕێگاى گفتوگۆى ئاشتیانە و دیبلۆماسیانە و پێشخستنی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و چاکسازیی دادوەریی و یاسایی.
دیندار زێباری ئاماژە بەوە دەکات، یۆنامی لە زۆر بواردا نەیتوانیوە وەکو پێویست سەرکەوتوو بێت، تەنیا ڕۆڵی ڕاوێژی بینیوە لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیدا. جێبەجێنەکردنی ماددەی (140)ی دەستوور و رێککەوتننامەی شنگال دوو نموونەی بەرچاون کە یۆنامی کاریگەر نەبووە لە چارەکردنی ئەم دوو پرسە. لە لایەکی دیکەوە کار کردن بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنێکی فیدراڵی لە عێراق یاخود بەپێی دەستوور دەرکردنی یاسا تازەکان بە نموونەی یاسای نەوت و گاز، لەمەشدا یۆنامی نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵەی هەبێت لە گەیاندنی لایەنەکان بە یەکتر لە عێراقدا کە ڕۆڵیان بەرهەمدار بێت.
دیندار زێباری دەڵێت، یەکێکی دیکە لە تێبینییەکانمان لەسەر یۆنامی ئەوەیە، بەردەوام جەخت لە چارەکردنی ئاستەنگە مرۆییەکان و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پشتگیریکردنی پەنابەران و ئاوارەکانی ناوخۆ کردۆتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی دەرەنجامێکی ئەوتۆی هەبێت لەگەڵ وڵاتانی کۆمەک بەخش، تەنانەت لەگەڵ خودی حکوومەتی فیدراڵیش لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمدا.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی، سەرەڕای تێبینییەکانمان بژاردەی ئێمە وەک هەرێم ئەوەیە، یۆنامی وەک نێردەیەکی سیاسیی بمێنێتەوە، چونکە تەنیا کەناڵە کە لایەنەکان لە عێراقدا گفتوگۆیان لەگەڵی هەیە و هەڵسەنگاندنی ڕەوشی نێوخۆیی عێراقە لەڕێگای یۆنامییەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بە گوێرەی بڕیاری درێژکردنەوە، پێویست بوو سکرتێری گشتیی ڕاپۆرتی پێداچوونەوەی خۆی تا 31ی ئاداری 2024 پێشکەش بکات، بەڵام چەند ڕۆژێک پێش وادەکە ڕاپورتەکە ئامادە کرا و بە سەر وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش دابەش کرا، رۆژی 26ـی ئادار، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتەکەی وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمی پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد و بڕیارە گفتوگۆی لەسەر بکرێت بەر لە دەرکردنی بڕیاری کوتایی بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی یۆنامی یان کۆتایی پێهێنانی.
زێباری دەڵێت، لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە پەیوەندوی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی کراوە، هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵی یۆنامی کراوە لەو پەیوەندییەدا. هاوکات ئەوەش باس کراوە کە هێزی دەرەکی لە نێو عێراق هەیە و جێی مەترسین، سەرباری پاراستنی سنوور کە جێی تێبینیە و پێویستە هەموو هێزە نا عێراقییەکان کۆنترۆڵ بکرێن. دەشڵێت، لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە، عێراق سەرکەوتوو نەبووە لە بابەتی سیستەمی فیدراڵی، ناکۆکی بودجە و بابەتی ئارامی و سەقامگیریی عێراق، پێیان وایە مەترسیی لەسەر عێراق ماوە و کورد و سوننە داوای مانەوەی یۆنامی دەکەن.
زێباری هەروەها دەڵێت: یۆنیتاد کە ڕێکخراوێکی تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ کۆتایی بە ئەرکەکەی دێت.