پشتیوان سادق: هیچ هێزێک ناتوانێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو ببات

پشتیوان سادق، ئەندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی
پشتیوان سادق، ئەندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، هەموو لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت پارتی، پارێزەری دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانن. هاوکات دەڵێت: هیچ هێزێک ناتوانێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو ببات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (29ـی ئایاری 2024) پشتیوان سادق، ئەندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و به‌رپرسی رێكخستنی ئه‌و حزبه‌ له‌ هه‌ولێر، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ڕایگەیاند، کەسانێک پەیدا بوون گوتاری پۆپۆلیستی دەخەنە بەرگوێی گەنجان و دەیەناوێت ڕەشبینیان بکەن. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، قەوارەی هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستووری، سیاسی و نیشتمانییە، هیچ هێزێک لە جیهان نییە بتوانێت ئەم قەوارەیە لەناو ببات.

ئەو ئەندامەی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دەڵێت: هەموو لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت پارتی، پارێزەری دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانن و، کێشەکان ناتوانن ئاستەنگ بۆ پێشکەوتنەکان دروست بکەن.

هاوکات گوتیشی: کاتێک سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتانی جیهان دەکەن، وەک سەرۆکی وڵاتێکی سەربەخۆ پیشوازیییان لێ دەکرێت.