لەنزیکترین کاتدا مووچەی دەزگا ئەمنییەکان ڕەوانە دەکرێت

مووچە
مووچە

جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان کۆتایی هاتووە و  لەنزیکترین کاتدا مووچەکانیان ڕەوانە دەکرێت.

 چوارشەممە (29ـی ئایاری 2024)، سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عیراق بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان لەدیوانی چاودێریی دارایی عیراق کۆتایی هاتووە، لەدوای تەواوکردنی وردبینیی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، پێشبینی دەکەن لە نزیکترین کاتدا مووچەی دەزگا ئەمنییەکان ڕەوانە بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (29ـی ئایاری 2024)، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و لە دوا هەنگاویشدا ڕۆژی 2024/5/26 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری بە نەقدیی خستە سەر هەژماریی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان، کاری جدییش کراوە لەسەر ئاسانکاریی بۆ بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بانکی(تی بی ئای) وەک بانکێکی حکوومەتی فیدراڵیی و داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەک لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانکەکە کراوە بۆ کردنەوەی هەژماریی بانکیی بۆیان، هەروەها ڕاپۆرتی وردبینی لیستی مووچەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە تەواوکراون و ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ کران کە بەداخەوە زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بەردەوام بن لە هاوئاهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی هەرێم بێ کەموکورتی و لە کاتی خۆیدا ، ڕەوانەی حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرامبەریشدا، حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێبگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوکێدا نەبن.

Fly Erbil Advertisment