شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی وردەکاریی دوو تەقینەوەکەی بەغدا ئاشکرا دەکات

دیمەنێکی بەغدای پایتەختی عێراق
دیمەنێکی بەغدای پایتەختی عێراق

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقی دەڵێت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوو نارنجۆکی دەنگی لە شاری بەغدا تەقیونەتەوە و هیچ "زیانێکی گیانی و ماددییان نەبووە".

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کاتژمێر 01:20 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، نارنجۆکێکی دەنگی لە بەردەم کۆمپانیای "کاتەرپیلەر" لە ناوچەی جادرییەی بەغدا تەقییەوە. 10 خولەک دواتر و کاتژمێر 01:30 خولەکی بەرەبەیان، نارنجۆكێکی دیکەی دەنگی، بەرامبەر پەیمانگای کامبریج لە شەقامی فەلەستین لە ناوەڕاستی ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە بەغدا تەقیوەتەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقی هەردوو تەقینەوەکەی بەغدا هیچ "زیانێکی گیانی و ماددییان نەبووە". ئاماژە بەوەش دراوە، ئەم جۆرە کارانە "هەوڵێکن بۆ زیانگەیاندن بە ناوبانگی عێراق، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردنی هاووڵاتییان". 

ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێت، ئێوارەی یەکشەممەی ڕابردوو، 26-05-2024، دوو چێشتخانەی سەر بە زنجیرە چێشتخانەکانی KFC لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە کرانە ئامانج، یەکەمیان لە ناوچەی شەقامی فەڵەستین و ئەوی دیکەیان لە ناوچەی کەڕادە - 62 لە بەغدای پایتەخت.

Fly Erbil Advertisment