خامنەیی: سووریا پێگەیەکی تایبەتی لە ناوچەکەدا هەیە و دەبێت پارێزگاری لێ بکرێت

عەلی ئەکبەر خامنەیی ڕیبەری باڵای ئێران - بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا - محەممەد موخبیر سەرپەرشتیاری کۆماری ئیسلامی ئێران
عەلی ئەکبەر خامنەیی ڕیبەری باڵای ئێران - بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا - محەممەد موخبیر سەرپەرشتیاری کۆماری ئیسلامی ئێران

بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە تاران و لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کۆبووەوە و خامنەی ڕایگەیاند، سووریا پێگەیەکی تایبەتی لە ناوچەکەدا هەیە و دەبێت پارێزگاری لەو تایبەتمەندییەی سووریا بکرێت.

ئاژانسی ئیرنا، ناوەڕۆکی دیدارەکەی ئەسەد و خامنەیی بڵاوکردووەتەوە و خامنەیی ڕایگەیاندووە، بەهێزیی و پتەویی پەیوەندییەکانی ئێران و سووریا کە هەردوو وڵات بەشێکی کارا و کاریگەری بەرەی موقاوەمەن، هەروەها ڕۆڵی سووریا لەو بەرەیە بۆ سەردەمی حافز ئەسەد دەگەڕێتەوە کە شانبەشانی هێزەکانی موقاوەمە وەستایەوە و ئەمەش بووە هەوێنی یەکگرتوویی سوویا.

ڕێبەری ئێران ئاماژەی داوە، ڕۆژئاواییەکان بەدوای ئەوەدا بوون بە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی سووریا، ناوچەکە بخەنە نێو جەنگێک و دەسەڵاتی سووریا بڕوخێنن و کۆتایی بە پێگەکەی لە ناوچەکەدا بێنن؛ بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، ئێستاش بە چەند بەڵێنێکی بریقەدار ڕێگەیەکی دیکە تاقی دەکەنەوە لە کاتێکدا هیچ کات پابەندی بەڵێنەکانیان نابن و دەیانەوێت سووریا لە ناوچەکە پەراوێز بخەن.

هەروەها ئاماژەی بە گوشارە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپای لە دژی ئێران و سووریا کردووە و ڕایگەیاندووە، دەبێت پەیوەندیی و هاوکارییەکانی تاران و دیمەشق پەرەی زیاتری پێ بدرێت و ئەوەی بەسەر هەموو بەربەستەکان زاڵ بن، بۆ ئەمەش پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی بۆ بەشار ئەسەد دووپات کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، دەبێت تایبەتمەندی و پێگەی سووریا بپارێزرێت.

بە گوێرەی مێدیاکانی سووریا، سەردانەکەی بەشار ئەسەد بۆ دەربڕینی هاوخەمیی و گەیاندنی پرسەو سەرەخۆشی بووە بۆ کۆچیی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و هاوەڵەکانی کە ڕۆژی 19ی ئەم مانگە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان لە سنووری پارێزگای تەورێز گیانیان سپارد.