ڤیان دەخیل: سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا زۆرێك لە کێشەکان چارەسەر دەکات
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات.
رۆژی پێنجشەممە (30ـی ئایاری 2024)، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە کە لەنێوان هەولێر و بەغدا هێشتا ماونەتەوە.
ڤیان دەخیل دەڵێت، چەندین کێشە ماون کە تا ئێستا چارەسەر نەکراون، مەسرور بارزانی ڕژدە لەسەر ئەوەی بە سەردانیکردنی بۆ بەغدا مافی خەڵکی کوردستان و مووچەخۆران وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەوە مافێکی دەستوورییە، بەڵام نا تێگەیشتنی هەندێ لە سیاسەتمەداران لە بەغدا ڕێگە نادات بەشێکی زۆر لەو کێشانە چارەسەر ببێت، دەشڵێت، گفتوگۆکانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بۆ باسکردنی کێشەکانی هێشتا ماونەتەوە زۆر گرنگە، گوتی، پێویستە لەڕێگەی دەستوورەوە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن.
لەبارەی پرسی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان، ڤیان دەخیل گوتی، یاسای بودجە لە بابەتە گرنگەکانی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدایە، دەڵێت، چەند رۆژێکی دیکە دەنگ لەسەر بودجە دەدەن، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەو سەردانەی بۆ بەغدا قسە لەسەر پرسی بوودجە و مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکات و هەموو هەوڵێک دەدات مافی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت.
ڤیان دەخیل ئاماژە بەوە دەکات، سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات، دەشڵێت، ئێستا تێگەیشتنێک بۆ چارەسەریی کێشەکانی کوردستان هەیە، بەڵام کێشەی جێبەجێکردنیش هەیە، بۆیە هەر جارە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێنە بەغدا.
لەبارەی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش،گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ماددەی 140 دەستوورییە و پێویستە جێبەجێ بکرێت، بە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەبن، گوتی، ڕێککەوتنی شنگالیش گرنگ بوو کە هەندێ لایەن نەیانهێشت جێبەجێ بکرێت.
گوتیشی، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕژدن لەسەر وەدیهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتە بەغدا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بۆ چارەکردنی ئەو کێشانەی ماون، شتێکی زۆر ئاساییە ئێمە بێین لە بەغدا لەگەڵ هەموو ئەو برادەرانەی بەرپرسن، دیدار و گفتوگۆ بکەین. یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە کە برایەکی خۆشەویست و ئازیزمانە".