سەرۆک وەزیرانی عێراق: ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانە بۆ عێراق

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

لە دیداری یەکێک لە مێدیاکان، سەرۆکوەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، نەوتی هەرێم دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ پێشخستنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەهێزترکردنی ئابووریی عێراق سوودی لێببینرێت.

لە دیدارێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گومانی تێدا نییە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم زیانە بۆ سەرجەم عێراق، چونکە نەوتی هەرێم دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ پێشخستنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەهێزترکردنی ئابووریی عێراق سوودی لێ ببینرێت.

سوودانی ئاماژەی بەوەش دا، بۆ دۆزینەوەی چارەی گونجاو بۆ دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، دەستپێشخەرییان هەبووە، بەڵام بابەتەکە زیاتر پەیوەندی بە پابەندییە یاسایاییەکانەوە هەیە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک یەکلایی بکرێتەوە کە لەبەرژوەندیی سەرجەم گەلانی عێراق بشکێتەوە.

ڕۆژی سێشەممە (28ـی ئایاری 2024) وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا کاراکان لە هەرێم دەکات، بەپەلە لە بەغدا لەگەڵیاندا کۆببنەوە.

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، کۆبوونەوەکە بە ئامانجی گفتوگۆکردنە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هاوکات گوتی: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەپێی ڕێککەوتن و لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بە بڕی چەسپێندراو بە یاسای بودجە دەبێت.

Fly Erbil Advertisment