تۆمارکردنی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بەردەوامە

کاندیدانی 14ـەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران سەعید جەلیلی - ناسر هیمەتی - عەلی لاریجانی
کاندیدانی 14ـەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران سەعید جەلیلی - ناسر هیمەتی - عەلی لاریجانی

سێ ڕۆژی لەسەر یەکە خۆ تۆمارکردنی کاندیدەکان بۆ چواردەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا ژمارەیەک کەسایەتیی دیار و ناسراوی مەیدانی سیاسیی ناوی خۆیان تۆمارکردووە و بڕیاری کۆتایی ئەم مانگە هەڵبژاردن بکرێت.

نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی ئێران 12 مەرجی سەرەکی وەک بەربەستی یاسایی بۆ ئەو کەسانە دیاری کردووە کە دەیانەوێت ببنە کاندیدی خولی داهاتووی سەرۆکایەتیی کۆمار، بە تێپەڕاندنی هەر 12 مەرجەکە ناویان تۆمار دەکرێت و دەچنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردن. پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان لە 30ی ئایاری مانگی ڕابردوو دەستی پێکرد و تاوەکوو 3ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

نە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران "ئیرنا"، لەو کەسایەتیانەی تاوەکوو ئێستا بە کاندید تۆمار کراون، هەر یەک لە عەلی لاریجانی، مەحموود ئەحمەدی بێغەش، محەمەد خۆشچێهرە، عەبدولناسر هیممەتی، سەعید جەلیلی، قودرەتعەلی حیشمەتیان، عەباس موقتەدایی، موستافە کەواکبیان، محەممەد ڕەزا سەباغیان لە نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی ئێران بە تێپەڕاندنی مەرجە یاساییەکان ناوەکانیان تۆمار کراوە.

ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024، بۆ سێیەم ڕۆژ ناو تۆمارکردنی کاندیدانی 14ـەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران تا وەکوو کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

دوای ڕووداوی کەوتنە خوارەوە هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و هاوەڵەکانی لە 19ی مانگی ڕابردوو کە بەهۆیەوە سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە و هەشت کەسایەتی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران مردن، ئێستا تاوەکوو هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارێکی نوێ، محەممەد موخبیر جێگری سەرۆککۆمار وەک سەرپەرشتیاریی سەرۆکایەتی کۆمار کارەکان ڕایی دەکات، بڕیار لە ڕۆژی هەینی 29ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی 14ـەمین خولی سەرۆکایەتیی کۆمار لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوە دەچێت.