سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرەنسۆ هەریری دا

یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری له‌ ساتی یارییه‌كه‌ی جه‌وییه‌ و ئیتیحاد  6 نۆڤێمبه‌ری 2023
یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری له‌ ساتی یارییه‌كه‌ی جه‌وییه‌ و ئیتیحاد 6 نۆڤێمبه‌ری 2023

لەسەر ڕەزامەندی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی 1 ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ گۆڕینی چیمەن و نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرەنسۆ هەریری تەرخان كراوە.
لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (مەسرور بارزانی) ڕەزامەندى درا بە تەرخانکردن و خەرجکردنى زیاتر لە (1 ملیار و 700 ملیۆن دینار) بۆ گۆڕینی چیمەن و نۆژەنکردنەوەی یاریگەی شەهید "فەڕەنسۆ هەریری".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانى یانەی وەرزشی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر كۆبووەوە و پێی راگەیاندن كە سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، پارێزگاری هەولێری راسپاردووە بۆ ئەوەی ئەو بڕیارەی لە 18ـی شوباتی رابردوو لە یادی 23 ساڵەی شەهیدی سەركردە (فەرەنسۆ هەریری) بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرەنسۆ هەریری درا جێبەجێ بكرێت.
پارێزگاری هەولێر دەستەی كارگێری یانەی هەولێری ئاگادار كردووەتەوە دواى تەواوبوونى خولى ئەستێرەکانی عێراقى ئەمساڵ ڕاستەوخۆ دەست دەکرێت بە پڕۆژەی گۆڕینی چیمەن و نۆژەنکردنەوەی یاریگەی شەهید "فەڕەنسۆ هەریری".
یاریگای "شەهید فەڕەنسۆ ھەریری" یاریگایەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و بە دووەم گەورەترین یاریگای وەرزشی دادەنرێت لە عێراق، لە کۆتایی ساڵی 2001 ئەو یاریگەیە سەرلەنوێ فراوان كرا و بەناوى شەهید "فەڕەنسۆ ھەریری" کرا، لە ساڵی 2009 بووە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا ئەو یاریگایە بۆتە بەشێكی دیار و بەرچاو لە مێژووی شاری هەولێر.

.

 

.