تورکیا هەڕەشەی مانەوە لە باکووری سووریا دەکات
تورکیا جارێکی دیکە هەڕەشەی مانەوە لە ناوچەکانی باکووری سوریا دەکات و، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەناوچانە ناکشێنەوە تا ئەو کاتەی سەقامگیری تەواوەتی بۆ سنوورەکان نەگەڕێتەوە.
یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، تا ئەوکاتەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ سنوورەکانی تورکیا- سووریا نەگەڕێتەوە، هێزەکانیان لە باکووری سووریا ناکشێنەوە، دەشڵێت حکومەتی سووریا بەرپرسیارە لەو دۆخەی کە لەناوچە سنورییەکان دروستبووەو ئەگەر حکومەتی سووریا بۆشایی دەسەڵاتی لەو ناوچانە دروستنەکردبایە ناسەقامگیری لە سنوورەکان بەم ئاستە نەدەگەیشت.
وەزیری بەرگری تورکیا دووپاتی دەکاتەوە وڵاتەکەی پشتیوانی لە دەستورێکی گشتگیر و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و ژینگەیەکی سەقامگیری بۆ سووریا دەکات.
دەشڵێت: پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا ئێستا پەیوەستە بە بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئەستانە کە لەژێر چاودێری تورکیا و ئێران و ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.
گولەر باس لەوەش دەکات، خاڵی ناکۆکی نێوانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بوونی سەربازیی تورکیایە لە باکووری ئەو وڵاتە، ئاشکراشی دەکات زیاتر لە 20 لیوای سوپای تورکیا لەناوچەکانی باکووری سووریا جێگیرکراون.
وەزیری بەرگری تورکیا رەخنە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگرێت بەوەی پشتیوانی لە هێزە کوردییەکان دەکات لەچوارچێوەی شەڕی دژ بە داعش.
دەشڵێت، پشتیوانیکردنی ئەو هێزانە لەگەڵ رۆحی هاوپەیمانێتی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ، ناگونجێت.
رۆژی هەینی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات لەناوچەکانی تلحمس و ناوچەکانی دەوروبەری قامشلۆ ،چوار ئەندامی هێزەکانی سەر بە هەسەدە کوژران و 12 هاووڵاتیش برینداربوون.
لەماوەی مانگی ئایاردا تورکیا چوار هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووەتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و، بەهۆیەوە 17 ئەندامی ئەو هێزانە کوژراون و برینداربوون.
هەروەها لەسەرەتای ساڵی 2024ـەوە هێزەکانی تورکیا لەرێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە 77 هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی باکوور و ،باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە بەهۆیەوە 24 ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات کوژراون و، 21ـی دیکە برینداربوون، هەروەها 16 هاووڵاتی برینداربوون.