هەڵمەتی گوڵدان لە جێگەی تەنەکەی خۆڵ لە گوندێکی هەورامان بەڕێوە چوو

بەڕێوەبەرانی هەڵمەکە ئامانجیانە گوندی بەوراوا دەروازەی دەڤەری هەورامانە، وەک گوندێکی بێ زبڵ و خاشاک لە ئاستی ئێراندا تۆمار بکەن و بیکەنە یەکێک لە هەنگاوەکانی ڕاکێشانی زیاتری گەشتیاران لە سەرتاسەری ئێرانەوە بۆ دەڤەرەکە.
سێهەم ساڵی لەسەر یەکە هەڵمەتی خاوێنکردنەوە بۆ گوندەکە دەکرێت و سەردار سدیقی ژینگەپارێز دەڵێ" سێهەم ساڵە ئەم هەڵمەتە لەم گوندە دەکرێت و دانیشتووانی گوندەکەش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە کە دەبێت هەر لە ماڵەکانیانەوە شێوازی هەڵاوێرکردنی زبڵ و خاشاکەکانیان بکەن بۆ ئەوەی گوندی بەوراوا پاک و خاوێن ڕابگرن"
دایکە کەتان وەیسی 90 ساڵ کە دانیشتووی گوندکەیە لە هەر سێ هەڵمەتەکەی خاوێنکردنەوەی گوندەکەیدا هاوکاریی ژینگەپارێزەکانی کردووە لە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکدا دەڵێت "ئەگەرچی چوومەتە تەمەنەوە بەڵام هەر حەز دەکەم هاوکاریی ژینگەپارێزان و خاوێنکردنەوەی گوندەکەم بکەم"
لە هەڵمەتەکەدا ئافرەتان و منداڵانیش ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا. جیا لە ژینگەپارێزانی شارەکانی پاوە، جوانڕۆ و ڕوانسەر و دانیشتووانی گوندی بەوراوا، گرووپێک لە وەرزشوانانی ناوچەی هەورامانیش بەشدارییەکی چالاکانەیان لەم هەڵمەتە ژینگەپارێزییەدا هەبوو.

سەبری ڕاوەند، وەرزشوان و بەشداربووی هەڵمەتەکە دەڵێ "تیمی وەرزشی دەستەی هونەری بەرگریی کۆنفۆی ڕوانسەرین و هاتووین بۆ گوندی بەوراوا کە یەکێکە لە گوندەکانی شارۆچکەی ڕوانسەر بۆ ئەوەی بەشێک بین لە پاککردنەوەی گوندەکە".
جیا لە خاوێنکردنەوەی کۆڵانەکانی ناو گوند، بەڕێوەبەرانی گوندەکە کۆمەڵێک پلانی دیکەیان بۆ خاوێن ڕاگرتنی گوندەکەیان و پەرەپێدانی فەرهەنگی ژینگەپارێزیی لە ناو دانیشتووانی ئەم گوندەدا هەیە.

سەجاد ڕەزایی، بەڕێوەبەری گوندی بەوراوا دەڵێت: یەکێک لە پلانەکانمان بۆ بایەخدانی زیاتر بە پاک و خاوێنی ئەوەی هەر ماڵیك سێ کیسەی جیاوازیان پێ دەدەین بۆ ئەوەی زبڵ و خاشاکەکان جیا بکرێنەوە، هەروەها پلانێکی دیکە ڕوواندنی دارە، هەر کەسێک دارێک بڕوێنێت ئەوا دارەکە بە ناوی ئەوەوە دەکرێت. هەوڵیش دەدەین لە دوای چەند مانگێکی دیکە لە بری تەنەکەی خۆڵ، گوڵدان دابنێین".
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆڵێکی زۆر کارا و بەرچاویان لە جێگیرکردن و پەرەپێدانی فەرهەنگی ژینگەپارێزی لە ناو شارەکانی هەبووە. دوای سەرکەوتنی ئەو ئەزموونە لە شارەکان، ئێستا ڕێکخرەکان چالاکییەکانیان بۆ گوندەکان گواستووەتەوە و دەیانەوێ فەرهەنگی ژینگەپارێزی ببەنە ناو هەموو ماڵێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.