ناوەرۆكی گرێبەستەكەی ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید ئاشكرا دەبێت
ریال مەدریدی ئیسپانیا هەموو رێكارە یاساییەكانی بۆ گواستنەوەی كلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەرەنسی تەواو كردووە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە، بەمەش ئەم یاریزانە بەشداریی یاریی سووپەری ئیسپانیا دەكات.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ناوداری بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان ئاشكرای لەژێر دروشمی (HERE WE GO) رۆیشتنی كلیان ئێمباپێی بۆ ریال مەدرید راگەیاند.
فابریزیۆ رۆمانۆ نووسیویەتی: ریال مەدرید و كلیان ئێمباپێ لە مانگی شووباتی رابردوو لەسەر هەموو شتێك رێككەوتن و هەموو بەڵگە و نووسراوەكانی نێوانیان واژۆ كراوە، ئێستا فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی یانەی ریال مەدرید دوای بردنەوەی نازناوی پازدەیەمینی چامپیۆنزلیگ ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو گواستنەوەی كلیان ئێمباپێ رابگەیەنێت.
بە گوێرەی میدیاییەكانی ئیسپانیا، مووچەی كلیان ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید هەمان مووچەی ڤینسیۆس و بێلێنگهام دەبێت، لە ئەگەری بەدەستهێنانی دەستكەوتە تاكەكەسی و بە كۆمەڵەكان پاداشتی گەورەی پێدەدرێت.
پێگەی ئاسی ئیسپانیا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە تەنیا شیرینی گرێبەستەكەی كلیان ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە بەش بەش لە ماوەی 5 ساڵ وەردەگرێت.
بەپێی هەمان سەرچاوە، یەكەمین یاریی كلیان ئێمباپێ بە درێسی ریال مەدرید لە جامی سووپەری ئیسپانیا لە سعوودیە دەبێت، بەمەش هێرشبەرە فەرەنسییەكە دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمە لە یەكەمین بەشداریكردنی لەگەڵ یانە شاهانەكە یەكەمین نازناو بباتەوە.
كلیان ئێمباپێ 25 ساڵ، بە رەسەن كامیرۆنییە، بەڵام لە پاریس لە دایكبووە، لە یانەی مۆناكۆ پێگەیشت و درەوشایەوە، لە هاوینی 2017 بە گرێبەستێكی گەورە و بەبەهای 120 ملیۆن یۆرۆ بۆ پاریس سانجێرمان گواسترایەوە، لە ماوەی شەش وەرزی رابردوو لەگەڵ پاریس شەشجار بووە پاڵەوانی لیگ وەنی فەرەنسا، تەواوی وەرزەكانی لەگەڵ پاریس بە گۆڵكاری خولەكە تەواو كرد، بەگشتی لەگەڵ پاریس لە كۆی 308 یاری، 256 گۆڵ و 108 ئاسیستی كرد.
