وەزارەتی ناوخۆی عێراق لێکۆڵینەوە لە برینداربوونی 19 کارمەندی خۆی دەکات

کێڵگەی نەوت و غاز لە عێراق
کێڵگەی نەوت و غاز لە عێراق

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوەیان لەبارەی برینداربوونی 19 کارمەندی خۆیان لە خۆ نیشاندان دژی داخستنی کۆمپانیایی نەوتی زیقار دەستپێکردووە، کە برینێکی یەک لە کارمەندەکان سەختە.

ئەمڕۆ یەکشەممە2ـی حوزەیرانی 2024، عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عێراق، تیمێکی ڕاسپارد بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی برینداربوونی 19 کارمەندی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای زیقار، کە برینی یەک لەو کارمەندانە سەختە.

بەپێی زانیارییەکان، وەزیری ناوخۆ  داوای کردووە، لێکۆڵینەوە لە برینداربوونی چوار هاووڵاتییش بکەن کە لە خۆ نیشاندان دژی داخستنی کۆمپانیای نەوتی زیقار و بەرهەمە نەوتییەکان و کارگەی غازی زیقار برینداربوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە حەییان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، بەشداریی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی یۆپێک لە ریازی پایتەختی سعودیا دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، وەزیری نەوتی عێراق گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزە و ، هاوکات هەڵسەنگاندن بۆ ڕێکارەکانی ئۆپێک  لە ماوەی ڕابردوو و پێشبینییەکان بۆ داهاتوو دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، شەڕ و پێکدادان بە دار و بەرد لە نێوان خۆپیشاندەرانی گرێبەست کە داوای دامەزراندنیان لە کۆمپانیای نەوتی زیقار دەکرد لەگەڵ کارمەندانی پۆلیس سەریهەڵدا، لە کاتێکدا خۆپیشاندەران بەردەوام بوون لە داخستنی کۆمپانیاکە، داوایان دەکرد لە گرێبەستەوە بکرێنە کارمەندی هەمیشەیی.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، 26ـی ئایاری 2024، هێزە ئەمنییەکان بە کوتەک لە دەرچووانی ئەندازیارانی نەوتیان دا، کە لەبەردەم پاڵاوگەی "شوعەیبە" لە بەسرا خۆپیشاندانیان دەکرد.

Fly Erbil Advertisment