رانداڵ رۆدس: زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک زانکۆیەکی کوردستانییە
K24 – هەولێر:
سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان لە دهۆک، لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا گوتی: هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی قوتابییانمان لە ڕووی ئەکادیمییەوە سەرکەوتوو بن، هاوکات ئاماژەی بەوە دا، زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک زانکۆیەکی کوردستانییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) رانداڵ رۆدس، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان لە دهۆک، لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێک لە ئاهەنگی شەشەمینی دەرچووانی زانکۆکەکە وێرای بەخێرهاتنی مێوانەکان ڕایگەیاند، هەموو بەیەکەوە قوتابییانمان ئامادە کردووە دەست خۆشی لە کارە پرۆفیشناڵەکانیان دەکەین.
هەروەها ناوبراو سوپاسی ئەندامانی خێزانی دەرچووانی کرد و گوتی: ئێوە هاوکار و یارمەتیدەربوون بۆ سەرکەوتنی دەرچووان. جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی زانکۆکە ئەوەیە نەوەکانی داهاتوو بۆ کۆمەڵگە ئامادە بکات.
سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان لە دهۆک، دەڵێت: زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک زانکۆیەکی کوردستانییە و بنیاتنانی زانکۆکەش بۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بووە.
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی قوتابییانیان لە ڕووی ئەکادیمییەوە سەرکەوتوو بن، هاوکات گوتی: چەندین خزمەتگوزاریی پێشکەشی قوتابییان دەکەین، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە هیچ کەسێک لە دواوە بەجێ نەماوە.
رانداڵ رۆدس گوتیشی: یەکێتیی کەمپەسەکە بەرزترین ستانداردەکەی خۆی بەکار هێناوە و چەندین ڕوانین لە خۆ دەگرێت بۆ ئەوەی هیچ جیاکارییەک نەکرێت و تا هەمەچەشنی هەمیشە لێرەدا بەدی بکرێت.
روونیکردەوە، دەرچووانیان هەموو جۆرە زانست و زانیارییەکیان پێدراوە بۆ ئەوەی بۆ داهاتوو ئامادەبن و بواری تایبەت بەخۆیان رۆشن بکەنەوە.
لەبارەی چوارچێوەی کارکردنی زانکۆکەک، رانداڵ رۆدس، ڕایگەیاند، چوارچێوەی کارکردنی ئێمە بەشێکە لەو بەرژەوەنییدانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، "توانیومانە تاکێک بەرهەم بهێنین بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندیی خاک و نیشتمان کار بکەن".
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێنەی یادگاری لەگەڵ دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک و ستافی ئەکادیمی گرت و لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردن.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە میوانانی ئامادەبووی ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، کە جگە لە کەسوکاری دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆکە، دەیان میوانی بیانی و ناوخۆیی ئامادەی ئاهەنگەکەن.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و تاوەکوو ئێستا شەش خولی دەرچووانی بڕوانامەیان وەرگرتووە و زیاتر لە 700 دەرچووی لە بەشە جیاوازەکاندا هەیە کە ئێستا بەشێکیان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان درێژە بەخوێندنی باڵا دەدەن.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک لە چوار کۆلێژ و 10 بەشی زانستی جیاواز پێکدێت، لەوانەش؛ بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا و پەیوەندییەکان، پەرستاری و ئەندازیاری. ئەم زانکۆیە، لە لایەن هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاستبەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.
زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک ئینگلیزییە و بە سیستمی "هونەری ئازاد" قوتابییانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزاییەکی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایهته یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.