بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری ئاکرێ کۆچی دوایی کرد

کاوە زوهێر، بەڕێوەبەری کۆچکردووی ڕۆشنبیری و هونەری ئاکرێ
کاوە زوهێر، بەڕێوەبەری کۆچکردووی ڕۆشنبیری و هونەری ئاکرێ

بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری ئاکرێ لە کاتی خەودا گیانی سپارد. هاوڕێیەکی نزیکیشی دەڵێت، "ئێوارەی دوێنێ لەگەڵمان بووە و هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە".

نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ئاکرێ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 03-06-2024، کاوە زوهێر، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری ئاکرێ، لە کاتی خەودا گیانی سپارد.

لە لایەن خۆیەوە، زێرەڤان تەمۆ، هاوڕێی نزیکی کاوە زوهێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی کاتژمێر 07:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، کاتێک کەسوکاری کاوە ویستوویانە لەخەو هەڵی بستێنن، زانیویانە گیانی سپاردووە. گوتیشی، "دەگوترێت بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی سپاردووە، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینی پزیشکی دادین بۆ ئەوەی هۆی مردنەکەیمان بۆ ڕوون ببێتەوە".

بە گوتەی زێرەڤان تەمۆ، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 02-06-2024، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری ئاکرێ لەگەڵیان بەشداریی چەند چالاکییەکی هونەری کردووە و "هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە و کاتێک چووەتە ماڵەوە هەستی بە هیچ نەخۆشییەک نەکردووە".

کاوە زوهێر لە ساڵی 1985 لە شاری ئاکرێ لە دایک بووە. شاعیر و نووسەرێکی دیاری دەڤەرەکەیە و تاوەکو ئێستا چەندین کتێب و بەرهەمی ئەدەبی بڵاوکردووەتەوە. دەرچووی بەشی یاسای پەیمانگەی تەکنیکنی ئاکرێیە و قوتابی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان بووە لە هەولێر.

Fly Erbil Advertisment