چین دوو سیخوڕی بەریتانی دەستگیر کرد

وەزارەتی ئاسایشی چین، ڕایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی بەریتانیا "MI6" دوو کارمەندی لە دەزگاکانی دەوڵەتی چین دامەزراندووە، کە ژن و مێردن، بۆ ئەوەی کاریان بۆ بکەن.
وەزارەتی ئاسایشی وڵاتی چین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر، دەسەڵاتدارانی ئاسایشی دەوڵەت حاڵەتێکی گەورەی سیخوڕییان ئاشکرا کرد، کە تیایدا دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا MI6 ژن و مێردێک بەناوەکانی "وانگ و وچاو" وەک کارمەند لە دەزگاکانی حکوومەتی ناوەندیی کۆماری گەلی چینن دامەزراندووە".
وەزارەتەکە ڕوونیشی کردەوە، تۆمەتبارەکان لە ساڵی 2015 لە بەریتانیا دەیانخوێند و بانگهێشتی ئاهەنگەکانی ئێوارەخوان و گەشتەکان کراون، کە بە نهێنی لەلایەن دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی بەریتانیا MI6 ڕێکخرابوو.
وانگ دەڵێت: "زۆر پێویستی بە پارە بووە، دواتر دەرفەتی کاری لە دەزگایەکی ڕاوێژکاریی بە نیو دەوام و بە مووچەیەکی زۆر، بۆ ڕەخساوە؛ پاشان کارمەندانی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا MI6 پێشنیازیان کردووە کە کاریان بۆ بکات لە بەرامبەردا پارەیەکی زیاتریان پێ بدرێت پاداشت و گەرەنتی سەلامەتی دەکرێت، بۆیە پێشنیارەکەی قبوڵ کردووە.
دوای ڕاهێنانی سیخوڕی، داوا لە وانگ کراوە بگەڕێتەوە چین بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی گرنگ کە پەیوەندییان بە حکوومەتی چینەوە هەیە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆمپانیای MI6 وانگی ڕازی کردووە کە مێردەکەی کاریان بۆ بکات چونکە لە "دەزگایەکی گرنگیی حکوومیدا" کاردەکات، لە بەرامبەردا دوو ئەوەندە پارەی پێ دەدەن و ژنەکەش بەو قسەیە ڕازی بووە.
چەند مانگێکە چین و بەریتانیا تۆمەتی سیخوڕی دەخەنە پاڵ یەکتر، ئەو چالاکییانەی کە هەریەکەیان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەزانن. لە مانگی یەکدا چین کەیسێکی سیخوڕیی ئاشکرا کرد کە تیایدا ڕایگەیاندبوو، دەزگای هەواڵگری دەرەوەی بەریتانیا کەسێکی بیانی کە لە چین نیشتەجێیە بۆ کۆکردنەوەی نهێنی و زانیاری بەکار هێناوە.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بەریتانیا دوو کەسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە زانیارییان بە چین داوە کە زیان بە وڵاتەکەی دەگەیەنێت، مانگی ڕابردووش سێ کەس لە بەریتانیا تۆمەتبار کران بە هاوکاریکردنی دەزگای هەواڵگریی هۆنگ کۆنگ.