خامنەیی: تۆفانی ئەقسا بۆ شکستپێهێنانی پلانی زاڵبوونی ئیسرائیل گرنگ بوو

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشی چەکدارانی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل، بە پێویستییەکی ناوچەکە ناو دەبات و دەڵێ، ئەمەریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان پلانێکیان داڕشتبوو بۆ ئەوەی ئیسرائیل بەسەر سیاست و ئابووریی ڕۆژئاوای ئاسیا و هەموو جیهاندا زاڵ بێت.
عەلی خامنەیی لە ڕێوڕەسمی 35 ساڵیادی کۆچی دواییی ئایەتوڵڵا خومەینی، ڕێبەر ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتارێکدا ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا کە دەوروبەری مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو کرا، دروست لەو کاتەدا بوو کە ناوچەکە پێویستی پێی بوو، چونکە پلانێکی هەمەلایەنەی بەربڵاو لە لایەن ئەمەریکا و ئیسرائیل و شوێنکەوتووەکانیان و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە داڕێژرابوو، کە مەرام و پلانەکەیان ئەوە بوو پەیوەندییەکان و هاوکێشەکانی ناوچەکە بگۆڕێن و پەیوەندیی ڕژێمی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەگوێرەی ویستی ئەو ڕژێمە دابڕێژنەوە.
گوتیشی: بە گوێرەی ئەو نەخشە و پلانەی هەیان بوو ڕژێمی ئیسرائیل بەسەر سیاسەت و ئابووریی سەرجەم ڕۆژئاوای ئاسیا و بگرە تەواوی جیهانی ئیسلامیدا زاڵ دەبوو.
خامنەیی گوتیشی: ئێستا ئەمەریکا لە بەرانبەر ڕای گشتیی کۆمەڵگەکانی جیهان، ناچارە کاردانەوەی هەبێت و درەنگ یان زوو دەبێت دەست لە پشتیوانیی ڕژێمی ئیسرائیل هەڵگرێت، چونکە ڕژێمی ئیسرائیلیش خەریکە بە بەرچاوی جیهان بەرەو توانەوە و لەناوچوون دەچێت و خەڵکی جیهانیش ڕاستییەکان دەیبینن.
ڕوحوڵڵا خومەینی، ڕێبەری ئینقلابی ئێران و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 3ی حوزەیرانی 1989دا لە تەمەنی سەرو 86 ساڵیدا دوای چەند جەڵتەیەکی دڵ، لە نەخۆشخانەیەکی تاران لە نزیک شوێنی تایبەتی مانەوەی لە جەمارانی تاران کۆچی دوایی کرد.