پێشەوا هەورامانی: ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد بوونەتە گوتەبێژی مووچەبڕان

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەسەندکردنی خشتە نوێیەکانی بودجەی فیدراڵی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بۆ ساڵەکانی 2024 و 2025، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئێستا کە خەریکە هەوڵ و کۆبونەوەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیران دەگەنە ئەنجام و مافە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە یاسا جێگیر دەکرێن و بەڕێز سەرۆکوەزیران هەوڵیداوە مووچە و بودجە لەبابەتەکانی دیکە جیا بکرێنەوە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد بوونەتە گوتەبێژی مووچەبڕان و میدیاکانی مووچەبڕانی ناوخۆ بێ ئارام و پەرێشان خەریکی دژایەتی و پڕوپاگەندە و هەواڵی پڕ کینەن دژ بە حکوومەت و دەرئەنجامی هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیران".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەڵام خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کاروانی ئاوەدانی و پاراستنی مافەکانی خەڵک لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بەردەوام دەبن و بە ئەمانەتەوە بەرگرییان لێدەکرێت و ئەوەشی لەبەرەی مووچەبڕانە وەک هەموو جارێک بێهیوا دەکرێت، با بەڕێز سەرۆکوەزیران مووچە وەرگر بێت و ئێوەش هەر مووچە بڕ".
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە دانیشتنی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر خشتەکانی بودجەی 2024ـی فیدراڵی کۆبووەوە و بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار پەسەندی کرد، کە یەکێک لە بڕگەکانی بریتییە لە دەستەبەر کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی).
پشکی هەرێمی کوردستان بە هەردوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان دەگاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 911 هەزار دینار، خەرجی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیۆن و 223 هەزار دینار پێکدەهێنێت، لەو برە 11 تریلیۆن و 580 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دانراوە و بەم شێوەیە مانگانە 965 ملیار دینار بۆ خەرجی ئەم بوارە ڕەوانە دەکرێت.