وادی سەلام.. گۆڕستانە گەورەکەی عێراق دوا هەواری مردووان
گۆڕستانی وادی سەلام لە پارێزگای نەجەفی عێراق، گەورەترین گۆڕستانە لە جیهانی ئیسلامیدا، رووبەرەکەی زیاتر لە نۆ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ملیۆنان مردووی تێدا نێژراوە.
بەهۆی بوونی گۆڕی ئەمیری باوەڕداران عەلی کوڕی ئەبو تالیب، گۆڕستانی وادی سەلام لای موسوڵمانان پێگەیەکی تایبەتی هەیە و شیعەکان ئارەزوو دەکەن مردووکانیان لەو گۆڕستانە بنێژن.
گۆڕستانی وادی سەلام لە پارێزگای نەجەف، کۆتا ئارامگەی جەستەکان و یەکەمین دەروازەیان بۆ دونیای دیکە، یەکێکە لە گرنگترین ناوچە ئیسلامیی و مێژوویەکان، کە پێگەیەکی تایبەتی لە دەروونی موسوڵمانان و بیروباوەڕەکانیاندا هەیە، بەتایبەتی لە بیروباوەڕی شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعە، ئەوەش بەهۆی بوونی گۆڕی ئەمیری باوەڕداران عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب.
گۆڕستانەکە ژمارەیەک گۆڕی تێدایە کە ڕەنگە موسوڵمانیش نەبن، بەڵکو لە ڕەگەز و وڵاتی جیاوازن، بەڵام بەهۆی بیروباوەڕیان کە پێیانوایە ناشتنیان لەو گۆڕستانە لە سزا دووریان دەخاتەوە لەوێ نێژراون، ئەمەش بۆچوونی بەشێک لە شارەزایانی مێژووی ئیسلامییە.
بەگوێرەی ڕێکخراوی یونسکۆ، گۆڕستانەکە گەورەترین گۆڕستانە لە جیهانی ئیسلامیدا، یەکێکیشە لە ناوچە شوێنەوارییەکان، سەرباری هەبوونی سەدان هەزار گۆڕ تیایدا، ڕۆژانە خەڵکی بۆ ناشتنی مردووەکانیان ڕووی تێ دەکەن، ئەوەش وایکردووە ڕووبەری گۆڕستانەکە بچووک ببێتەوە و کەمتر جێگە بۆ ناشتنی مردوو هەبێت.
حەیدەر جەنابی، توێژەر لە مێژووی ئیسلامی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وادی سەلام یەکێکە لە گرنگترین گۆڕستانەکانی لە جیهاندا، ڕووبەرەکە نزیکەی نۆ کیلۆمەترە. نازانرێت بە دروستی چەند گۆڕی تێدایە، بەڵام ژمارەی گۆڕەکان ملیۆنانە.
بەشێک لە گۆڕەکان یەک جەستە و بەشێکیشیان ژمارەیەک جەستەیان تێدا نێژراوە
نەجاح ئەبو سەبیع، سەرۆکی دەستەی مردوونێژانی نەجەف دەڵێت، "خەڵک پێی وایە ناشتنی مردووەکان لەم گۆڕستانە لە سزای ناو گۆڕ دەیانپارێزێت، هەربۆیە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهانەوە لەوانەش هندستان، ئەفغانستان، بەحرەین، کوەیت و شیعەکانی لوبنان هاتوون لێرە مردوویان ناشتووە".
سەرغام ئەلمولک، هاووڵاتی ڕایدەگەیەنێت، "هاووڵاتییان دێنە ئەم گۆڕاستانە بۆ پاڕانەوە و پاکبوونەوە لە تاوان، چونکە جەستەی ئەمیری باوەڕداران عەلی کوڕی ئەبوتالیب لێرە نێژراوە، ئەمەش مانای وایە ئەم زەوییە سزا نادرێت و لێخۆشبوونیان بۆ هەیە".
لای خۆیەوە عەبدولعەزی عەقیل، هاووڵاتی دەڵێت، "خەڵک دینە نزیکی گۆڕی ئیمامی عەلی و دەیانەوێت مردووکانیان لەوێ بنێژن، چونکە ئیمام عەلی، ئامۆزای پێغەمبەر و باوکی حەسەن و حوسەینە، لای خەڵک گەورە و پیرۆزە".