هەڵوێستی وەرزشكارێكی عێراقی لەنێو بەشێك لە میدیایەكانی جیهان دەنگی دایەوە
وەرزشوانێكی عێراقی بووە بابەتی گەرمی میدیایەكانی جیهان بەگشتی و میدیایەكانی عەرەبی بەتایبەتی، دوای ئەوەی لەسەر كێبڕكێی بردنەوەی مێدالیای زێڕ لە پاڵەوانێتی پاڕائۆڵمپی ئەڵمانیا كشایەوە.
لە یارییەكانی پاڵاوتن كە لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو بۆ گەیشتن بە ئۆڵمپیكی 2024ـی پاریس، محەمەد عەلا عاشوور پاڵەوانی مەلەوانی عێراقی سەرەڕای ئەوەی گەیشتە قۆناغی كۆتایی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبوو بەرامبەر وەرزشوانێكی ئیسرائیلی كێبڕكێ بكات لە پاڵەوانێتییەكە كشایەوە.
سەرەڕای ئەوەی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیارانی پاڵەوانێتییەكە هەوڵیاندا محەمەد عەلا رازی بكەن بۆ ئەوەی لە پێشبڕكێی مەلەوانییەكە نەكشێتەوە، بەڵام عەلا رایگەیاند ئامادەنییە كێبڕكێ لەگەڵ هیچ یاریزانێكی ئیسرائیلی بكات، دەشڵێت: "نامەوێت رووبەڕووی وڵاتێك ببمەوە كە خوێنی خەڵكی غەززە و فەڵەستین بە ناحەق دەڕێژن".
ئەم كاردانەوەیەی محەمەد عەلا دەنگدانەوەیەكی زۆری لەنێو میدیایەكانی جیهان لێكەوتەوە، تەنانەت رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا بە سەرسوڕمانەوە نووسیویەتی: دەبێت چی هێزێك پاڵی بە دەروونی محەمەد عەلا نابێت بۆ ئەوەی لە بەدیهێنانی خەونەكەی بكشێتەوە.
بابەتی كشانەوەی محەمەد عەلا عاشور لە پاڵەوانێتی پاڕائۆڵمپیكی ئەڵمانیا بووە بابەتی گەرمی نێو میدیایەكانی عەرەبی و زۆرینەیان بەهۆی كێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل پشتگیرییان لە هەڵوێستی ئەو وەرزشكارە عێراقییە كرد.
محەمەد عەلا عاشوور لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی بەشداریی زۆر پاڵەوانێتی جیهانی كردووە و لە پێشبڕكێی مەلەوانی خاوەنی چەندان مێدالیای جۆراوجۆرە.