سەرجەم لقەکانی خواردنگەی ' کەی ئێف سی' لە بەغدا داخران

لقی خواردنگەی 'کەی ئێف سی' لە بەغدا
لقی خواردنگەی 'کەی ئێف سی' لە بەغدا

K24 – بەغدا:

بەهۆی هێرشەکانی چەند شەوی ڕابردوو بۆ سەر لقەکانی خواردنگەی 'کەی ئێف سی' ئەمەریکی لە بەغدا، دەستەی بەڕێوەبردنی خواردنگەکە، بڕیاری دا سەرجەم لقەکانی خواردنەگە لە بەغدا دابخات.

ئەمڕۆ سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو نزیکەی کاتژمێر 10 لە شەقامی فەڵەستین و ناوچەی کەڕادەی بەغدا هێرش کرایە سەر لقەکانی بڕاندی 'کەی ئێف سی' و هاوکات هێرشکرایە سەر چەند بەرژەوەندییەکی دیکەی ئەمەریکا هەروا بەریتانیا.

ئاماژەی بەوە دا، لە شەوی ڕابردووەوە تا ئێستا دۆخێکی ئەمنیی ناهەموار هاتووەتە ئاراوە بەشێکی زۆری شەقامەکان بە تایبەت لە ناوچەی کەڕادە و شەقامی فەڵەستین داخراون، کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی زۆر بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئاشکرای کرد، دەستەی بەڕێوەبردنی لقەکانی خواردنگەی 'کەی ئێف سی' لە عێراق، بە تایبەت لە بەغدا، بڕیاری دا سەرجەم لقەکانی خواردنەگە دابخات.

ئەم هێرشەی سەر براندە ئەمەریکی و بەریتانیانە لە بەغدا دوای ئەوە دێت، کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و رەفەح چڕبووەتەوە. لەسەر ڕاسپاردەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیار درا بە دروستکردنی تیمێکی لێکۆڵینەوەی ورد بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی هێرشکەرەکان، تا ئێستا ناسنامەی حەوت کەسیان ئاشکرا کراوە.