بانکێکی گەورەی بەریتانیا بە پێشێلکردنی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران تۆمەتبار دەکرێت

ئاڵاکانی ئێران و بەریتانیا
ئاڵاکانی ئێران و بەریتانیا

بانکی ستاندەرد چارتەرد کە یەکێکە لە بانکە گەورەکانی بەریتانیا و جیهان؛ تۆمەتبار دەکرێت بەوەی پێشێلکاری لەو سزا نێودەوڵەتیانەدا کردبێت کە خراونەتە سەر ئێران و ژمارەیەک گرووپی چەکدار. بانکەکە لەساڵانی ڕابردوو بە بەهای یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار سزای دارایی بەسەردا سەپێندراوە.

ستاندەرد چارتەرد کە یەکێکە لە گەورەترین بانکەکانی بەریتانیا، دەگوترێت لە مامەڵەیەکی دارایی لەژێر سزاکانی گەنجینەی ئەمەریکادایە تێوەگلاوە و دەسەڵاتدارانی ئەمەریکاش ڕەتی دەکەنەوە هیچ پێشێلکارییەکی نوێ لە دۆسیەی بانکەکەدا هەبێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە ئاژانسی هەواڵی بی بی سی بڵاوی کردووەتەوە، چەند بەڵگەنامەیەک پێشکەش بە دادگای نیویۆرک کراون، دەریدەخات بانکەکە لە ماوەی ساڵانی 2008-2013، هەزاران مامەڵەی بەبەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار کردووە، بەشێک لە مامەڵەکان بریتین لە پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران.

شارەزایەکی ئابووری بە هەمان ناوەندی ڕاگەیاندووە، بانکەکە لەو ماوەیەدا بەبەهای 9.6 ملیار دۆلار مامەڵەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا کردووە کە ئەمەریکا وەکو پارەدارکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان وەسفیان دەکات لەوانە حزبوڵڵای لوبنانی، حەماس و قاعیدە.

بانکی ستاندەرد چارتەرد بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە زانیاری مامەڵە داراییەکانی لە سیستەمی سوێفت کە سیستەمێکی دارایی جیهانییە ساختەکردووە و لە ڕێگەی لقی بانکەکەیەوە چەندین ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی دراوی بۆ ئەو پێگانە کردووە کە لەژێر گەمارۆکانی ئەمەریکادان لەوانە بانکی ناوەندیی ئێران.

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2012 جۆرج ئۆزبۆرن کە ڕاوێژکاری حکوومەتەکەی کامیرۆن بوو لە بەریتانیا بە نهێنی لە بەرژەوەندی بانکەک دەستێوەردانی لە  پرسە یاساکەدا کرد و وەزارەتی دادی ئەمەریکا سکاڵاکەی ڕاگرت.

بانکی ستاندەر چارتەرد دانی بەوە داناوە دووجار پێشێلکاری لەو سزایانەدا کردووە کە خراونەتە سەر ئێران، یەکێکیان لە ساڵی 2012 بووە ئەوەی دیکە لە ساڵی 2019 وە سزای پێبژاردنی دارایی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری داوە، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە هیچ مامەڵەیەکی دارایی لە بەرژەوەندیی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا کردبێت.

ئەو مامەڵە داراییانەی کە بانکەکە بە نهێنی هێشتبوویەوە بۆ یەکەمجار لەساڵی 2012 لەلایەن دوو کەسی هەواڵدەرەوە ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا کران لەنێویاندا جولیان نایت بەڕێوەبەری پێشووی بانکەکە.

دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە: هیچ پێشێلکارییەکی نوێ لەسەر زانیارییەکانی هەواڵدەر ئاشکرا نەکراوەو دۆسیەکە ڕەتدەکرێتەوە.