عەبدولڕەحمان سدیق: لە بواری پاراستنی وزە کار لەسەر دوو پرۆژەی گرنگ دەکەین
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا جیهانی گرتووتەوە و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش چەندین ڕێکار و هەنگاوی گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییەکان لە سەر ژینگە و کەشوهەوای کوردستان.
عەبدولڕەحمان سدیق لە کۆنفرانسی ژینگە و گەشەسەندنی وزە لە هەولێر گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموومانی پابەندکردووە بە برەودان بە ڕۆشنبیری ژینگەیی، کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان و هاندانی دەستە جێبەجێکارەکان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی ژینگەیی بە ئاراستە دەستگرتن بە سەر سەرچاوەکانی وزە و کەمکردنەوەی بە فیڕۆدان.
ئاماژەشیدا، حکوومەتی هەرێم لەگەڵ پاراستنی ئاسایشی ئاو، دانانی سیستەمێکی نوێ بۆ ئاوەڕۆکان کار لەسەر بوونی میکانیزمێکی بێ زیان بۆ ڕزگاربوون لە پاشماوە و پاشەڕۆکان بە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، پاراستنی زیندەجۆرەکان و تەواوی لایەنەکانی دیکە دەکات.
سەرۆکی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتشی: ئێستا دەستەی ژینگە لە بواری پاراستنی وزە کار لەسەر دوو پرۆژەی گرنگ دەکات لەگەڵ پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بریتین لە پرۆژەی پلانی وەبەرهێنان لە کەشوهەوا لەگەڵ پرۆژەی کەمکردنەوەی گونجاوی نێوخۆیی لە کەشوهەوادا، چونکە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە و وەک ئەوەی دەرکەوتووە لێکەوتە و کاریگەرییەکانی زۆرن و جا لەبەر ئەوەی نیشینگەی مرۆڤەکان یەک ژینگەیە بۆ مەترسییە دەرکەوتووەکانی هاوبەش و بۆ هەمووان دەبێت.