لە دیوانییە تۆڕێکی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێندرایەوە

بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، تیمەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای دیوانییە، تۆڕێکی بازرگانی و بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەریان هەڵوەشاندەوە و 31 تۆمەتباریان دەستگیرکرد.

لەو ئۆپەراسیۆنەدا بڕێک مادەی کریستاڵ و حەبی هۆشبەر، لەگەڵ ئەو کەرەستانەی بۆ بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بەکاردێن، دەستیان بەسەردا گیرا کە کێشیان نزیکەی 1 کیلۆگرام بووە.

ئۆپەراسیۆنەکە دوای بەدواداچوونی ورد بۆ چالاکییەکانی ئەو تۆڕە هات، کە تێیدا تیمە تایبەتمەندەکان جووڵە و شوێنی مانەوەی تۆمەتبارانیان چاودێریکرد و لە کۆتاییدا بەپێی فەرمانی دادوەری، یەک لەدوای یەک دەستگیرکران.

تۆمەتباران لەگەڵ ئەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون بۆ تەواوکردنی رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان بەرامبەریان.