سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ سزای زیاتر لە 19 ساڵی بەسەردا سەپێندرا

محەممەد سدیق ئاکش سەرۆکی لە کارلادراوی شاروانیی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان
محەممەد سدیق ئاکش سەرۆکی لە کارلادراوی شاروانیی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان

دادگای باڵای تاوانەکانی پارێزگای جۆلەمێر، بە تاوانی تیرۆر سزای 19 ساڵ و شەش مانگی زیندانی بۆ محەممەد سدیق ئاکش سەرۆکی شارەوانیی لەکارلادراوی پارێزگاکەی دەرکرد.

ئەمڕۆ چواشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، دادگای باڵای تاوانەکانی جۆلەمێر 61ـەمین دانیشتنی دادگایی کردنی محەممەد سدیق ئاکش، ئەندامی دەم پارتی و سەرۆک لەکارلادراوی شارەوانی پارێزگای جۆلەمێرگ و 13 تۆمەتباری دیکەی بەڕێوەبرد، کە سەرەتای دۆسیەی دادگاییکردنەوەی محەممەد ئاکش بۆ 2014 دەگەڕێتەوە و دوا بڕیاری لەسەر دۆسیەکەدا و بە تۆمەتی سەرکردایەتی ڕێکخراوی چەکداریی و تیرۆر سزای 19 ساڵ و شەش مانگی بۆ دەرکرد.

بە گوێرەی مێدیاکانی تورکیا، لە دانیشتەکەی دادگادا ڕێگەی بەرگری لە خۆ کردن بە محەممەد سدیق ئاکش دراوە و داوای کردووە دادگای تێهەڵچوونەوە بە بڕیاری دادگای تاوانەکانی جۆلەمێرگ دابچێتەوە.

هەروەها ئەو تۆمەتانەی لەسەر دادگایی کراوە ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، تۆمەتی هەڵبەستراون لەلایەن داواکاریی گشتییەوە ئاراستەی کراون، چونکە هیچ تاوانێکی نەبووە و بیریشی لە هەڵاتن نەکردووەتەوە.

لە بارەی بڕیارەکەی دادگا، دەم پارتی لە پەیامێکدا بڕیارەکەی دادگای جۆلەمێرگی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، سەرۆکی شارەوانی جۆڵەمێرگ، محەممەد سدیق ئاکش، لە ئەنجامی دۆسیەیەکی بێ بنەما کە لە ڕێگەی زەوتکردنی مافی سەرۆکایەتی بە دانانی قەیوم سزای 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

هەر لە پەیامەکەدا، دەم پارتی بڕیارەکانی دادگاکە ڕەتکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، بڕیارەکەی دادگا بەگوێرەی ڕێنمایی ئاکپارتی و مەهەپە دەرکراوە و ئەمەش پێچەوانەی یاسایە.

دادگاییکردنی سەرۆکی لەکارلادراوی جۆلەمێرگ لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێکارێکی توندی ئەمنی بەڕێوەچوو، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی سکاڵاکەوە سێ ڕۆژ لەمەوبەر دەستگیرکراو و ئێستا پۆستی سەرۆکایەتی شاروانی جۆلەمێرگ بە قەیوم بەڕێوەدەبرێت، کە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کەسێکی دیکەی لەو پۆستە ڕاسپاردووە بۆ ڕایی کردنی کارەکان.

هاوکات بۆ ڕێگری لە دروستبوونی ئاڵۆزی و خۆپیشاندان هەردوو پارێزگاری دیاربەکر و وان بڕیاری قەدەغەکردنی هەموو چالاکییەکی مەدەنی وەک گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان لە شارەکانیان قەدەغەکرد، ئەمەش دوای ئەوەی هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای ناڕەزایی دەربڕینی سەرتاسەری کردبوو لە دژی دەستگیرکردن و دادگایی کردنی محەممەد سدیق ئاکش.

Fly Erbil Advertisment