زێدۆ باعەدری: ئەوانەی دەیانەوێ ناسنامەی نەتەوەیی کوردی ئێزدی بگۆڕن کاری داعش تەواو دەکەن

زێدۆ باعەدرێ، کەسایەتی ئێزدی و ڕاوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان
زێدۆ باعەدرێ، کەسایەتی ئێزدی و ڕاوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان

کەسایەتییەکی ئێزدی ئاماژە بەوە دەکات، ئەوانەی هەوڵی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی کوردیی ئێزدی دەدەن، کارە تەواونەکراوەکانی داعش تەواو دەکەن کە بەرامبەر ئێزدیەکان تەواوی نەکردبوو.

پەرلەمانتارێکی سەر بە گرووپە میلیشیاکانی عێراق لە پەرلەمانی عێراق، ئیمزای 182 پەرلەمانتاری کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان ناسنامەی نەتەوەیی کوردانی ئێزدی بگۆڕێت، ئەمەش نیگەرانی ئێزدیەکانی لێ کەوتووەتەوە.

پەرلەمانتارێکی ئێزیدی کە سەر بە گرووپە میلیشیاکانە، 182 ئیمزای کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق ئەوە بناسێنێت کە ئێزیدیەکان کورد نین.

زێدۆ باعەدرێ، ڕاوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان و کەسایەتی ئێزدی  لەبارەی ئەو هەوڵە بەرامبەر گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی ئێزدییەکان گوتی، کەسانێک دەستیان بەوە کردووە ناسنامەی ئێمە بگۆڕن بە ناسنامەیەکی نوێی نەتەوەیی، ئەوە لەگەڵ ئێزدیەکان ناگونجێ، چونکە ئێمە کوردین و کوردستانیین. گوتیشی، پەرلەمانی عێراق کاری ئەوەیە تاوانبارانی داعش بداتە دادگا، لەبری ئەوە ناسنامەی نەتەوەیی ئێزدیی و کوردایەتی ئێمە دەگۆڕن.

زێدۆ باعەدرێ گوتی، تفەنگی ئێمە قەڵەمە بۆ بەرگریی لە کوردستان و ئێزدیاتی و کوردایەتییە، لەڕێگەی دیبلۆماسی دەنگی خۆمان دەگەینینە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

گوتیشی، ئەوانەی ئەو ئیمزایانەیان کۆ کردووەتەوە، عەرەبی شۆڤێنیەکانن، کارە تەوانەکراوەکانی داعش تەواو دەکەن بەرامبەر ئێزدیەکان.

زێدۆ باعەدرێ ئاماژەی بەوە کرد، ئەرکی هەر کوردستانییەکە ڕێگە نەدەن ئەو بڕیارە دژ بە ئێزدیەکان تێپەڕ ببێت و هەوڵ بدەن تاوانباران بدەنە دادگا، پێویستە هەر کوردستانییەک بەرگریی لە مافی ئێزدیەکان بکات و برینی ئێزدییەکان چارە بکات، کچ و ژنەکانی ژێر دەستی داعش ڕزگار بکەن، ناوچەکانیان ئاوەدان بکەنەوە کە وێرانکراوە و ئازادی لێ نییە.

چەند پەرلەمانتارێک لە پەرلەمانی عێراق، ئیمزای چەند پەرلەمانتارێکیان کۆ کردووەتەوە بە ئامانجی ئەوەی لەنێو پەرلەمانی عێراق بە یاسا، ناسنامەی نەتەوەیی ئێزدیەکان لە کوردی بگۆڕن بۆ عەرەبی، ئەو هەوڵەش نیگەرانیی و ناڕەزایی ئێزدیەکانی لێ کەوتووەتەوە و بڕیاریان داوە ئەو پرسە بگەیەننە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چونکە پێیان وایە هەوڵی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییان، تەواوکردنی کارە تەوانەکراوەکانی داعشە دژ بە ئێزدیەکان.