دیندار زێباری: یەکەم جارە لە ئەزموونی حوکمڕانیدا کابینەی نۆیەم ستانداری نێودەوڵەتی دەکاتە بەرنامەی کاری حکوومەت

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان  ئاماژە بەوە دەکات، ڕاپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ، مانگی ئاب لە جنێڤ پێشکەش دەکرێت. دەشڵێت، یەکەم جارە لە ئەزموونی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا کابینەی نۆیەم ستانداری نێودەوڵەتی دەکاتە بەرنامەی کاری حکوومەت.

رۆژی چوراشەممە (5ـی حوزەیرانی 2024)، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕاپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران خستیە ڕوو، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مافی مرۆڤ گشتگیرە و پلانەکە لە ساڵی 2021تا 2025 بەردەوام دەبێت و لە 27 تەوەر پێک دێت، نزیکەی 400 ڕاسپاردە کۆکراونەتەوە و شیکردنەوەیان بۆ کراوە.

دەشڵێت، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان چاودێری جێبەجێکردنی پلانەکە دەکات لەسەر ئاستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی، پلانەکە لە ساڵەکانی 2023 -2024 بە ڕژدی جێبەجێ کراوە. ئەمڕۆ ڕاپۆرتەکەمان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران خستە ڕوو، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ پرسەکە.

دیندار زێباری ئاماژەی بەوە کرد، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو پلانە گشتگیرە و  ستانداری نێودەوڵەتی، لەسەر ئاستی حکوومڕانی 11 ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق  هەن، لەگەڵ 400 ڕاسپاردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق.
گوتی، توانیمان هەنگاوی جیددیی بە داتاو ژمارە و بەروارد  بهاوێژین، گوتیشی، ئاستی جێبەجێکردن لە کابینەی نۆیەم زۆر بەرز بووە بۆ نزیکەی سەدا 74 کە ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانە.

زێباری گوتی، ئەوە پێشکەوتنێکی گرنگە، چونکە یەکەم جارە لە ئەزموونی حوکمڕانیدا لە هەرێمی کوردستان، کابینەی نۆیەم ستانداری نێودەوڵەتی دەکاتە بەرنامەی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئاستی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جیددیەت و ستراتیجیی و پلان و ڕێکار و ڕێنمایی جێبەجێ کراون. گوتی، ئێمە باوەڕی تەوامان بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان هەیە.

لەبارەی مافی مرۆڤەوە، زێباری، تیشکی خستە سەر  ئازادی و یەکسانی و دادپەوەری و دیموکراسی، لەگەڵ ئازادی بیر و ڕا، مافی پێکهاتەکان و ئایینەکان و چاکسازیی و خۆشگوزارەنی و دەرفەتی کار و خۆشگوزەرانی. گوتی، حکوومەت بۆ خزمەتی خەڵکی خۆی دامەزراوە. ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای کرد هەموو ئەوانە وەک ڕاپۆرت ئامادەکراون و دەدرێتە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندە تێیدا سەرکەوتوو بووە. گوتیشی، ئەو ڕاپۆرتە مانگی ئاب لە جنێف، نیویۆرک، کۆمکاریی عەرەبی پێشکەش دەکرێت.

زێباری ئاشکرای کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەستخۆشیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتەکەی کردووە، کە لەنێویدا باس لە کاری ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕۆژنامەوانی کراوە، لەگەڵ ئازادی ئایینی.

ئەمڕۆ چوارشەممە (5ـی حوزەیرانی 2024 )،ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ بە میوانداریی دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دیندار زێباری لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی ئامادە کردنی پلانەکە و پشتگیریی بەردەوامی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و هاوکاریی و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم لە جێبەجێکردنیدا.