به‌ ڤیدیۆ... سه‌رۆكی رووسیا پێشوازی له‌ پاڵه‌وانێكی كورد ده‌كات

له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 بردنه‌وه‌ی مێدالیاكه‌ی، به‌ سه‌ركه‌وتن بۆ گه‌لی كورد ده‌زانێت

پاڵەوانی کورد (میخایل ئالۆیان) دوای بەشداریکردن و بە دەست ھێنانی مەدالیای برۆنزی لە ئۆڵمپیادی ریۆ، ھاوشان لەگەڵ وەرزشوانانی ھەڵبژاردەکەی لە رێورەسێمێکی شایستەدا لە لایەن ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا و وەزیری وەزرش و کاربەدەستانی کۆشکی کرێملین پێشوازی و خەڵاتکران.

کوردستان٢٤ تاکە دەزگای میدیایی بوو لە سەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە فەرمی بانگھێشتی رێورەسمەکەی کۆشکی کرێملین کرا بوو.

میخایل ئەلۆیان پاڵەوانی به‌ ڕه‌سه‌ن كوردی نیشته‌جێی وڵاتی رووسیا، لە ئۆڵمپیکی ریۆ لە یاری بۆکسێن لە کێشی ٥٢ کگم توانی مەدالیای برۆنز بەدەست بھێنێ، به‌م سەرکەوتنەشی رێژەی مەدالیاکانی روسیای گەیاندە ٥٦ مەدالیا و بەم ئەنجامەش ھەڵبژاردەی روسیا پلەی چوارەمی بەدەست ھێنا.

لە بارەی میخایل ئالۆیانەوە راھێنەری ھەڵبژاردەی روسیا یەڤگینی ترێفیلۆڤ رایگەیاند: چاوەڕوانی ئەنجامی باشتریان لە میخایل ھەیە بۆ داھاتوو.

یەڤگینی ترێفیلۆڤ ده‌شڵێت: ھەڵویست و رەفتارەکانی ئاڵۆیان جوامێرانەیە، ئەو مرۆڤێکی گوێڕاڵە، دان بە ھەڵەکانی خۆیدا دەنێ و ھەوڵدەدات ئەنجامەکانی باشتربێت، ئومێدی زۆرم پێیەتی لە ئۆڵمپیادی داھاتوو باشترین بەدەست بێنێت.

 میخایل ئەلۆیان له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ كوردستان24، وێڕای ئەوەی مەدالیا و دەستکەوتەکەی بە سەرکەوتن دەزانێت بۆ گەلی کورد، ھاوکات داوای  یەکڕیزی و برایەتی زیاتر لە گەلەکەی دەکات.

میخایل  یەکێک بوو لەو پێنج کوردەی کە لە ئۆڵمپیکی ریۆ مەدالیایان بەدەست ھێنا،  ناوبراو  ھەڵگری ٣ مەدالیای  نێودەوڵەتی و  چوار مەدالیایە لەسەر ئاستی روسیا. ھەروەھا  لە ئۆڵمپیکی لەندەنی ٢٠١٢ ش مەدالیای برۆنزی بەدەست ھێنا بوو.