هەفتەی داهاتوو دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانیی و پارتەکان و کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێتەوە

جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دەرگای خۆ تۆمارکردن بۆ هاوپەیمانیی و پارتەکان و کاندیدەکان دەکاتەوە.
غەلای دەڵێ: کۆمیسیۆن لە 8 تاوەکوو 13ی حوزەیرانی 2024، دەرگای تۆمارکردن بۆ هاوپەیمانیی، پارتە سیاسییەکان، کاندیدانی سەربەخۆ و کاندیدانی لایەنەکان دەکاتەوە، هەر لایەن و کەسێک خواستی بەشداری لە هەڵبژاردنی 2024 پەرلەمانی کوردستان هەبێت دەتوانێت لەو ماوەیە سەردانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆن بکەن لە پارێزگاکان بۆ خۆ تۆمارکردن.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 5ی ئەیلوولی 2024ی پێشنیازکردووە و بە نووسراوێکی فەرمیش پێشنیازەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.
پێشتر پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری و پەنجەمۆری دەنگدەران لە بنکەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان تاکو 2ـی حوزەیرانی 2024، درێژکرابووە.