بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلار

لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیر و پارێزگار و بەرپرسانی یەکە ئیدارییە سەربەخۆکانی کوردستان و شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوە ئاشکرا کرا کە بەهۆی باشیی پەیوەندییەکان، ئاستی ڕێژەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتۆتە نزیکەی یەک ملیار دۆلار.
ڕۆژی پێنجشەممە (6ـی حوزەیرانی 2024)، بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و دکتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران، شێخ جه‌لال سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان و هێمن میرانی، به‌رێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و سەرۆکی ژووری بازرگانی، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، شاندی كۆماری ئیسلامی ئێران پێک هاتبوون لە محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا(ئورمیە)، ئیسماعیل زراعی کوشا پارێزگاری سنە، محەممەد تەیب سەعراوی پارێزگاری کرمانشان و ژمارەیەکی دیکە لە پەرلەمانتاران و هەردوو سەرکونسوڵی ئێران لە هەولێر و سلێمانی.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە گرنگیی بره‌ودان به پەیوەندییە بازرەگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرا و تیشك خرایه سه‌ر دوایین سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ پرسەی ئیبراهیم ره‌ئیسی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و یاوەرانی، هاوکات گەیاندنی سەرەخۆشی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بە سەرکردە باڵاکان و خەڵکی ئێران، شانده‌كه ئەو هەنگاوەیان بە گرنگ وەسف کرد.
دواتر تیشك خرایه سه‌ر په‌یوه‌ندیی مێژوویی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران و قۆناغه‌كانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه و هه‌ماهه‌نگییه به‌رده‌وامه‌كان بۆ پرسه هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا په‌یوه‌ندییه‌كانیان له بواره‌كانی ئابووریی و بازرگانیی تاوتوێ کرد بۆ ئەوەی بره‌وی زیاتریان پێبدرێت كه له ئێستادا ئاستی بازرگانیی نێوان هه‌ردوولا گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلار.