سوپای پاسداران: سێ کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز تەقیونەتەوە
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا سێ کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز تەقیونەتەوە و ئاگریان گرتووە. سوپای پاسداران روونیکردەوە، ئەو کەشتییانە کاتێک تووشی رووداوەکە بوون کە بە رێڕەوێکی نەخوازراودا تێپەڕیون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2029، سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کەشتییەکان سیستەمی رادار و ئاراستەکردنیان کوژاندبووەوە و سەرەڕای هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی، هەوڵیان داوە بەو رێڕەوە باشوورییەدا تێپەڕن کە قەدەخەیە.
بە گوتەی سوپای پاسداران، کەشتییەکان بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان تەقیونەتەوە، هۆشداریشی دا، رێڕەوەکە بە مین چێنراوە و بەرپرسیارێتیی تێپەڕین بەو ناوچانەشی خستە ئەستۆی خاوەن کەشتییەکان و ستافەکانیان.
سوپای پاسداران لە درێژەی راگەیەندراوەکەیدا داوای لە خاوەن کەشتییەکان و ستافەکانیان کرد، گوێ بەو لێدوانانە نەدەن کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویکردوونەتەوە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران جەختیکردەوە، بە توندی رووبەڕووی هەر کارێکی نەخوازراو دەبنەوە کە سوپای ئەمریکا پشتیوانی لێ بکات و رێز لە یاساکانی گەرووی هورمز نەگرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم راگەیەندراوەدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، ئاگر لە کەشتییەک لە گەرووی هورمز لە نزیک عومان کەوتووەتەوە. دەستەکە روونیکردەوە، هۆکاری رووداوەکە دیارنییە.
ئەم رووداوانە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەسەر ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا.