پێنج یاریزان، بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانیان گەرم كردووە
بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان تادێت گەرمتر دەبێت، رۆمیلۆ لۆكاكۆ لە خولی سعودیەوە ئۆفەرێكی گەورەی پێگەیشتووە، ماركۆ رۆیس لە خولی ئەمریكا نزیك بووەتەوە، لە لایەكی دیكەیشەوە ئاتڵێتیكۆ مەدرید دەیەوێت ئەستێرەیەك لە پرێمەرلیگ بڕفێنێت.
خاڤی سیمۆنز داخوازی زۆرە
ئەم ناوەراستكارە هۆڵەندییەی یانەی پاریس سانجێرمان دوای ئەوەی وەرزی رابردووی بەخواستن لە یانەی لایپزیگ تێپەڕ كرد، چەندان یانەی پرێمەرلیگ ئۆفەریان پێشكەشی ئەم ئەستێرە تەمەن 21 ساڵییە كردووە، لە سەرووی هەموویانەوە یانەكانی نیوكاسڵ، ئارسێناڵ و ئێڤەرتۆنە.
ماركۆ رۆیس بەرەو ئەمریكا
ئەم جەنگاوەرە دێرینەی ئەڵمانیا دوایین یاریی بە درێسی بوروسیا دۆرتمۆند لە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریال مەدرید كرد و ماڵئاوایی یەكجارەكی لە یانەكە كرد، لە ئێستادا یانەكانی ئەمریكا چاویان لەسەر ئەو هێرشبەر تەمەن 35 ساڵییە داناوە، لەسەرووی هەموویانەوە یانەی لۆس ئانجلس گاڵاكسی ئەمریكا كە زۆر نزیكە لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە.

ئارسێناڵ واز لە یاریزانێكی سۆسیداد نایەنێت
مارتن زوبیمێندی ناوەراستكاری تەمەن 25 ساڵەی یانەی ریال سۆسیداد لە لایەن چەندان یانە داوا كراوە، ئارسێناڵ زیاتر لە هەمووان پەرۆشی گواستنەوەی ئەو یاریزانەیە كە لە یانەی سۆسیداد پێگەیشتووە و پێشتر لە لایەن یانەكانی ریال مەدرید و بارسێلۆناش ئۆفەری پێشكەش كرا بوو، بەڵام ئەو یاریزانە مانەوەی لە سۆسیداد پێباشتر بوو، تا ئەم كاتە جگە لە سۆسیداد یاریی بۆ هیچ یانەیەكی دیكە نەكردووە.
ئاتڵێتیكۆ دەیەوێت یاریزانێك لە مانچێستەر بفڕێنێت
جۆلیان ئالڤارێز هێرشبەرە لاوە 24 ساڵانییەكەی یانەی مانچێستەر سیتی كەوتووەتە ژێر ڕادارەكانی یانەی ئاتڵێتیكۆ مەدرید، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەم یاریزانە گرێبەستەكەی لەگەڵ مان سیتی 2028ـە.
ئالڤارێز پێشتر لە یانەی ریڤەرپلەیت پێگەیشتووە و مۆندیالی 2022ـی قەتەری هاوشانی مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئارجێنتینا بردەوە، وەرزی رابردوو لە سەرجەم پاڵەوانێتییەكان بەشداریی 54 یاریی كرد، 19 گۆڵ و 13 ئاسیستی تۆمار كرد.
چێڵسی دەرگای لەسەر داخست بەڵام سعوودیە دەرگای بۆ كردەوە
رۆمیلۆ لوكاكۆی هێرشبەری بەلجیكی 31 ساڵ وەرزی رابردووی لەگەڵ یانەی رۆما بە خواستن تێپەڕ كرد، یانەی چێڵسی ئامادە نییە ئەم یاریزانە بگەڕێنێـتەوە تیپەكەی، لە بەرامبەردا یانەكانی سعوودیە دەرگایان لەبەردەم ئەم یاریزانە كردووتەوە.
