ماتیۆ میلەر: ئەمەریکا نیگەرانە لەوەی حەشدی شەعبی گوێڕایەڵی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق نابێت
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر سەبازەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و ئەندامانی سوپای عێراق و بازرگانییەکان ئاسایش و ئابووریی عێراق پێشێل دەکەن.
پێنجشەممە، 6ـی حوزەیرانی 2024، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئەندامانی حەشدی شەعبی، لە چالاکی توندوتیژی و ناسەقامگیریی لە عێراق و سووریا بەشدارن.
ماتیۆ میلەر گوتیشی: "ئێمە نیگەرانین لەبارەی ئەوەی ئەندامانی حەشدی شەعبی گوێڕایەڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق نین و لە چالاکی توندوتیژی و ناسەقامگیری لە عێراق و سووریا بەشدارن".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد: هێرشکردنە سەر سەبازەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و سەربازانی سوپای عێراق و شوێنە بازرگانییەکان، ئاسایش و ئابووریی عێراق پێشێل دەکەن. بەردەوام دەبین لەوەی داوا لە حکوومەتی عێراق بکەین، جڵەوی ئەو لایەنانە بکات و بە بەرپرسیاریان دابنێت لە بەرامبەر شکاندنی یاسا.
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بەغدا و پارێزگاکانی باشووری عێراق، هێرش کردنە سەر ئەو شوێنە بارزگانی و دامەزراوانەی براندی ئەمەریکی و ڕۆژئاوایین دەستی پێ کردووە و لە بەغدا زنجیرە چێشتخانەکانی "کەی ئیف سی" بە ناچاری، هەموو لقەکانی داخست.