تورکیا: 59 چەکداری پەکەکەمان کوشتووە
بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، لە ماوەی هەفتەیەکی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا لە عێراق و باکووری سووریا، 59 چەکداری پەکەکە و یەپەگەیان کوشتووە.
زەکی ئاکتورک، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا، 59 چەکداریی پەکەکە و یەپەگە کوژراون.
بەپێی زانیاریی بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە 1ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستە هەزار و 151 چەکداری پەکەکە و یەپەگە کوژراون کە 521ـیان لە عێراق و 630ـشیان لە باکووری سووریا بوون. دەشڵێت، چەکدارێکی پەکەکە لە سنووری هەرێمی کوردستان خۆی ڕادەستی هێزەکانیان لە خاپور کردووە.
پێشترهاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بە سەردانەکەیان بۆ بەغدا و هەولێر دا و رایگەیاند، عێراق بۆ ئەوان گرنگە و دەیانەوێت پێکەوە لەگەڵ بەغدا رووبەڕووی پەکەکە ببنەوە.
فیدان، دەڵێت: دۆخی ناسەقامگیری عێراق لە بەرژەوەندیی پەکەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکان بووە بۆیە بەردەوامییان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان داوە. جەختیشی لەوەکردەوە. پەکەکە لە تورکیا تەنانەت یەک سانتیمەتریش زەویی کۆنترۆڵ نەکردووە لە کاتێکدا لە عێراق و سووریا چەندین ناوچەی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.