فەرەنسا فڕۆکەی جەنگی میراج 2000 بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت

فڕۆکەی جەنگی میراج2000ـی فەرەنسی
فڕۆکەی جەنگی میراج2000ـی فەرەنسی

سەرۆکی فەڕەنسا ئاشکرایکرد، لەمڕۆوە ناردنی فڕۆکەی جەنگی جۆری میراج دوو هەزار بۆ  ئۆکرانیا دەستپێدەکەن.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند، ڕێگەنادەن چەکەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر قوڵای خاکی ڕووسیا لەلایەن ئۆکرانیاوە بەکاربهێندرێت.

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا کە لەمڕۆوە ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی جۆری میراج دوو هەزار ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکەین بۆ پارێزگاریکردن لە خاک و ئاسمانەکەی، هەر ئەمڕۆ پرۆگرامی تایبەت بە ڕاهێنانکردن بە فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان لەسەر ئەم جۆرە فڕۆکەیە دەستپێدەکات، هەروەها پێموایە تا کۆتایی ساڵ پرۆگرامی ڕاهێنان تەواو دەبێت.

ماکرۆ گوتیشی، "ئێمە ڕێگە نادەین چەکەکانمان بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجی سڤیل لەناو خاکی ڕووسیا بەکاربێت، بەڵکو دەمانەوێت چەکەکانمان لە بەرگریکردن لە خاکی ئۆکرانیا بەکاربێت".

ئۆکرانیا دووەم گەورەترین وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا، هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیا و بێلارووس، پێشتر چەند جارێک شەڕ لەنێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا روویداوە، ساڵی 2014 شەڕ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە هاتە ئاراوە، بەڵام شەڕی ئێستا سەختترە.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 راپرسی لە لۆگانسک و دۆنێکسک لە سنووری هەرێمی دۆنباس، ئەنجامدرا و سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند کە جگە لە ڕووسیا هیچ وڵاتێکی دیکە دانی پێدا نانێت، گرژیی کەوتە نێوان ئۆکرانیا  و ڕووسیا، ئەو ناوچانە سەر بە ئۆکرانیان و ڕووسیا بە خاکی خۆی دەزانێت.

24/2/2022، سوپای ڕووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد. دەریای رەش، خاڵی ستراتیژیییە بۆ ئۆکرانیا و ڕووسیا، شەڕەکەش زیاتر لە دەوروبەری دەریای ڕەشە.

Fly Erbil Advertisment