دەزگای پەخشی ئیسرائیلی: حەماس تاکتیکی شەڕی گۆڕیووە
دەزگای پەخشی ئیسرائیلی "مەکان" لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند، "بزووتنەوەی حەماس گۆڕانی لە تەکتیکیی سەربازی کردووە و سەرکردایەتیی شەڕەکانی بەشی باکووری بە فەرماندەی لیوای غەززە و بەشی باشووری بە محەممەد سینوار سپاردووە".
لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژەی بەوەش دراوە، ئەم ڕێوشوێنانە بە گۆڕان لە ڕیزەکانی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس دادەنرێت.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، "دوای ئۆپەراسیۆنەکانی پاکتاوکردنی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس، بزووتنەوەکە بڕیاریدا کەرتی غەززە بۆ دوو بەشی "باکوور و باشوور" دابەش بکات".
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە کەرتی غەززە کە ئاگادارن لە وردەکارییەکان دەڵێن: "لە ژێر ڕۆشنایی دابەشکردنەکەی کەرتی غەززە، فەرماندەی کەرتی باکوور دراوە بە عیزەددین حەداد، فەرماندەی لیوای غەززە".
سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن، "حەداد وەک فەرماندەیەکی نهێنی کەتیبە و لیوا کاری کردووە، بەرپرسیارێتی تەواوی باکووری کەرتی غەززەی پێ سپێردراوە، بۆ گەڕاندنەوەی تواناکانی حەماس".
سەبارەت بەو سەرکردەیەی حەماس کە بەردەوامە لە سەرکردایەتیکردنی بەشی باشووری کەرتەکە ئەویش محەممەد سینوارە کە لە دوای تیرۆرکردنی مەروان عیساوە فەرماندەیی کەرتەکەی پێ سپێردراوە.