پوتین: ڕووسیا لەسەرەتای ئەمساڵەوە 47 شارۆچکەی ئۆکرانیای کۆنترۆڵ کردووە

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕووسیا لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە دەستی بەسەر 47 شارۆچکە و گوندی ئۆکرانیادا گرتووە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، پوتین لە کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی لە سانت پیتەرسبۆرگ بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: "تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە 47 شارۆچکە ئازاد کراون".

سوپای ڕووسیا لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەرەو پێشەوە چووە، بەڵام لە ناوچەی خارکیڤ، لە 10ی ئایارەوە دەستی بە هێرش کردووە بەبێ ئەوەی هیچ پێشڕەوییەک بکات.

سوپای ئۆکرانیا کێشەی کەمیی کەلوپەلی سەربازیی هەیە، بەتایبەت بەهۆی دواکەوتنی گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکانی ڕۆژاوا.

بەئامادەبوونی بەرپرسانی ئابووریی ڕووسیا و بەشێک لە میوانانی ڕۆژاوا، پوتین گوتی: "زیاتر لە 160 هەزار کەس، لە 1-1-2024ەوە پەیوەندییان بە سوپای ڕووسیا کردووە تاوەکو لە ئۆکرانیا بجەنگن".

هەڵمەتەکانی دامەزراندن لە ڕووسیا لە ڕێگەی تۆڕەکانی سۆشیال مێدیا و ڕیکلامی سەر شەقامەکانەوە دەکرێن، هەروەها بەڵێنی هەلومەرجی باشتر بەو کەسانە دەدرێت کە دادەمەزرێندرێن.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2022 دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ناچار بوون، بەهۆی ئەو زیانانەی کە لە بەرەکانی شەڕدا تووشیان بووە هێزی یەدەگە ئامادە بکەن، کە ئەمەش وایکرد لانی کەم 300 هەزار کەس بە تایبەت لە ناوچە دوورە دەستەکان دامەزرێنن.

لە شوباتی ساڵی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، کە بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد و بە دەیان هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون، هەروەها ملیۆنان کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.