وەزیری پەروەردە: کابینەی نۆیەم پرۆژەی پەرەپێدانی تواناکان و بەڕێوەبردنی قوتابخانەی هاوڕێی منداڵی دەست پێ کردووە
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی پەرەپێدانی تواناکان و بەڕێوەبردنی قوتابخانەی هاوڕێی منداڵی دەست پێ کردووە و لە زیاتر لە شەش هەزار قوتابخانە جێ بەجێ کراوە، پرۆژەکانیش دەرئەنجامی باشیان هەبووە.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە ناوەندەکانی خوێندندا، یەکێکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی پێشکەوتنی سیستەمی پەوەردە، هەروەها یەکێکە لەو بنەمایانەی کە دەتوانین گۆڕانی جۆریی لێیەوە بەدەست بهێنین.
دەشڵێت: هەبوونی سیستەمی دڵنیای جۆری لە دامەزراوە پەروەردەییەکان کاریگەری باشی لەسەر پێشخستنی کەرتی پەروەردە دەبێت.
گوتیشی: وەزارەتی پەروەردە بەهاوکاریی ئەنجوومەنی ڕۆشنبیری بەریتانی پڕۆژەی بنیاتنانی تواناکانی جێبەجێ کردووە، هەروەها پڕۆژەی بەڕێوەبردنی قوتابخانەی هاوڕێی منداڵ لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف، هەموو ئەوانە کاری باشیان کردووە و توانیویانە جێ دەستیان دیار بێت، لەو گۆڕانانەی کە ئێستا مۆدێلی هەڵسەنگاندنی دامەزراوەیەی نەک بە تاکە کەسی هەڵسەنگاندن بکرێت.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پەروەردە بوێرانە بڕیاری دا پڕۆژەکە لە قوتابخانەکان جێ بەجێی بکات.