سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە پارێزگاری واست و شاندێکی هاوپەیمانێتیی واست ئەجمەل دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆک بارزانی و پارێزگاری واست و شاندێکی هاوپەیمانێتیی واست ئەجمەل بارودۆخی سیاسیی و سەقامگیری و گەشەپێدانی پارێزگەکانی عێراقیان تاوتوێ کرد.
ڕۆژی شەممە (8ـی حوزەیرانی 2024 ) لە سەڵاحەددین سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە محەممەد جەمیل ئەلمیاحی، پارێزگاری واست و شاندێکی هاوپەیمانێتیی واست ئەجمەل کرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و کۆسپ و ئالنگارییەکانی بەردەم سەقامگیری و گەشەپێدانی پارێزگاکانی عێراق تاوتوێ کران.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای واست و پارێزگاکانی تری عێراق کرایەوە، ئەویش لەپێناو خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان و ئاوەدانی و دەستەبەربوونی سەقامگیری و گەشە لە بوارە جۆراوجۆرەکان.
