ژماره‌ی کوژراوانی غه‌ززه‌ پتر لە 36800 کەسی تێپەڕاند

هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌ فه‌ڵه‌ستین
هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌ فه‌ڵه‌ستین

ژماره‌ی قوربانییانی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ به‌رز بووه‌ و سوپای ئیسرائیلیش له‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر كه‌رته‌كه‌ و لێدانی چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی به‌رده‌وامه‌.

ڕۆژی شه‌ممه‌ 8ـی حوزه‌یرانی 2024، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ڕایگه‌یاند، تادێ به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ ژماره‌ی كوژراوان و برینداران زیاتر دەبن و له‌ هه‌مان كاتدا دانیشتووان تووشی برسییه‌تیی و نه‌هامه‌تیی سەخت بوونە.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ 36 هه‌زار و 801 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته 83 هه‌زار و 530680 كه‌س.

ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌ 70%ـی قوربانییه‌كان منداڵ و ئافره‌تن. باسی له‌وه‌ش كردووه‌، له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 70 هاووڵاتی كوژراون.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.