کۆریای باکوور دووبارە باڵۆنی زبڵ بۆ کۆریای باشوور دەنێرێت

سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەدان باڵۆنی نوێی دۆزیەوەتەوە کە پاشماوەیان بەرەو کۆریای باشوور هەڵگرتووە.
سەرۆک ئەرکانی هاوبەش ڕایگەیاند، لە ڕۆژی شەممەوە نزیکەی 330 باڵۆن دۆزیوەتەوە کە زبڵیان هەڵگرتووە و لەلایەن کۆریایی باکوورەوە هەڵدراون و زیاتر لە 80 باڵۆنیان لەناو کۆریای باشووردا نیشتوونەتەوە، بەڵام وادیارە ئەوانی دیکە نەیانتوانیووە بگەنە ئەو وڵاتە.
سەرۆک ئەرکانی هاوبەش گوتی، "دوایین باڵۆنەکان کە پاشماوەیان هەڵگرتووە، وەکو پارچەی کاغەز و پلاستیک بووە، ئاماژەی بەوەش کرد خۆیان بۆ ئەگەری هەڵدانی باڵۆنی دیکە لەلایەن باکوورەوە ئامادە کردووە".
ئەمەش لە دوای ئەوە هات کە چالاکوانانی سیئۆل دووبارە باڵۆنی پڕ لە پرۆپاگەندە خۆیان بۆ باکوور هەڵداوە.
گرژیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو کۆریا لەم دواییانەدا پەرەی سەندووە بەهۆی ئەوەی کۆریای باکوور، بە سەدان باڵۆن کە پیسایی و زبڵی لەخۆگرتبوو بەرەو کۆریای باشوور هەڵداوە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەڵمەتەکانی پێشووی پرۆپاگەندە کە لە باشوورەوە دەستی پێکردبوو، پەرەی سەند.
لە بەرامبەردا کۆریای باشوور ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی توندوتیژی لەگەڵ کۆریای باکوور بۆ گەڕاندنەوەی چالاکییە سەربازییەکان لە بەرەکانی پێشەوەی هەڵپەسارد.
لای خۆیەوە کیم کانگ ئیل، جێگری وەزیری بەرگری کۆریای باکوور هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی هەڵمەتی باڵۆنەکان ڕادەگرێت، بەڵام هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر چالاکوانانی کۆریای باشوور جارێکی دیکە کاغەزی پرۆپاگەندە بنێرن، دەست پێدەکاتەوە.
بۆ سەرپێچیکردن لە هۆشدارییەکە، گروپێکی مەدەنی کۆریای باشوور بە سەرۆکایەتی پارک سانگ هاکی کۆریای باکور ڕایانگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە 10 باڵۆنیان لە شارۆچکەیەکی سنوورییەوە هەڵداوە کە 200 هەزار کاغەزی پرۆپاگەندە دژە کۆریای باکووریان لەخۆگرتبوو.